ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هاوینی ڕابردوو هۆشداریماندا لەوەی گەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابەشكردنی غازی ماڵان بەم ڕێژەیەی ئێستا بەردەوام بێت، لە وەرزی زستان و سەرما ئەزمەی غازیش بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە غازی بەرهەم هاتووی كێڵگەی كۆرمۆر، تەنها بەڕێژەی (٧٠%)ی غازی زیادەی بەرهەمهاتوو بە نرخی ماڵان دەدرێت بە بریكارەكانی غاز، ئەوەی دیكە بە بازرگانی دەفرۆشرێت، ئەمەش بۆ وەرزی زستان بەش ناكات، كە خەڵك بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبا و نەبوونی نەوت بە ناچاری پەنا بۆ سۆپای غاز دەبات بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكەی.
ڕاشیگەیاند، بەشی زۆری غاز بۆ كارەبا بەكار دەهێنرێت، بەشێكیشی بۆ غازی ماڵان (LPG)، تەنها (١٠ %)ی غازی بەرهەمهاتووی زیادەی پێویستی كارەبا زیاد بكرێت بۆ بریكارەكانی غازی ماڵان و نرخی حكومی و بە بازرگانی نەفرۆشرێت، ئەوە ئەزمە دروست نابێت بەو جۆرەی ئێستا هەیە، كە لە زۆرینەی شارو شارۆچكەكان خەڵك سەرە دەگرێت بۆ غازو غاز فرۆشەكان بە كۆڵان و ماڵاندا ناگەڕێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە غازی سروشتی موڵكی خەڵكی كوردستانە نەوەك كۆمپانیای بیانی و كۆمپانیای بەرپرسانی دەسەڵات، پێویستە پێویستی ناوخۆی شارەكانی پێ پڕ بكرێتەوە پاشان ئەگەر زیادەی هەبوو بنێردرێتە دەرەوەی هەرێم (كە زانیاریی هەیە بەشێكی بە دەرەوەی هەرێم دەفرۆشرێت)!