کۆمسيۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی 5 كاندیدی لە لیستەكانی (نەوەی نوێ، پارتی، گۆڕان، هاوپەیمانی) دەركرد.
ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە بڕیارێكدا، كە ئەمڕۆ 18ی ئەیلوول دەریكردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی دوو کاندیدی لیستی نەوەی نوێی لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، بەهۆی ئەوەی “بەڵگەنامەی پێویستیان پێشکەش نەکردووە کە بیسەلمێنێت دانیشتووی دهۆک-ن”.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “ئەو دوو كاندیدە ناویان (شەتاو عەزیز، مۆردان نەوزاد)ن” و داوا لە حزبەكەیان كراوە، كە لەماوەی 3 ڕۆژدا كاندیدی نوێ پێشكەش بكەن.
هاوكات، ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە بڕیارێكی دیكەدا، كە دوێنێ 17ی ئەیلوول دەریكردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی سێ كاندیدی دەركردووە لە لیستەكانی (پارتی و گۆڕان و هاوپەیمانی) و داوای لە ڕاسپێردراوی حزبەكانیان كردووە لە ماوەی 3 ڕۆژدا كاندیدی دیكە پێشكەش بكەن.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “بڕیار دراوە بە دوورخستنەوەی (حەسەن ڕەزا) كاندیدی لیستی پارتی لە بازنەی سلێمانی و دوورخستنەوەی (موحسین مستەفا) كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی و دوورخستنەوەی (نەجات ڕەمەزان) كاندیدی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان لە بازنەی هەولێر”.