لە لوبنان چی ڕوودەدات؟



دوو ڕۆژە چەند تەقینەوەیەکی ئامێری بایجەر و چەند ئامێرێکی تری ئەلکترۆنی لە لوبنان سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی.

تەقینەوەی ئامێرەکانی بایجەر و هۆکی تۆکی و هەندێک ئامێری مۆبایل و چەند پێداویستییەکی تری ئەلکترۆنی لە لوبنان، جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و دید و بۆجوونی جیاوازیان هێناوەتە ئاراوە، بەجۆرێک هەندێک پێیان وایە ئەمە هێرشی سیبرانی ئیسرائیلە بۆسەر حزبوڵای لوبنان و هەندێکی تر بە ڕووپۆشکردنی باتری ئەو ئامێرانە بە ماددەی “تەقینەوە-تی ئین تی ” خوێندنەوەی بۆ دەکەن.

لە میدیا عەرەبییەکانەوە:

بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئەو ڕووداوە و ئەو دەنگۆیانە دەکەن کە دەڵێن ئیسرائیل لەپشت ئەم کارەوە.

میدیای بەناوبانگ سکای نیوز عەرەبی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوەدەکات، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئامێری ڕادیۆیی پەیجەر کە ئەندامانی حیزبوڵڵا بەکاریان دەهێنن، هەنگاوێکی نوێیە لە زنجیرەیەک پێشێلکاری کە ئیسرائیل بۆ بەئامانج گرتنی بەرپرسانی حزبوڵڵا بەکاریدەهێنێت.

بە وتەی شارەزایانی تەکنۆلۆژیا، ستراتیژی نوێی ئیسرائیل ئامانجی تێکدانی سەرچاوەکانی پەیوەندی و هۆیەکانی پەیوەندیکردنە، بەتایبەت ئەو ئامێرانە چوونکە چاودێریکردنیان قورسە و ئاستەمە.

ئایا ئەمە کاری ئاسایشی ئەلیکترۆنی( سیبرانی)ـیە؟

فەرید خەلیل، شارەزای تەکنۆلۆژیای زانیاری، دووپاتی دەکاتەوە، کە حزبوڵڵا پەنای بۆ ئەم جۆرە ئامرازە پەیوەندییە دەبرد، چونکە زەحمەتە بچێتە ناوەوە بۆ ئەوەی شوێنی بەکارهێنەرانی دیاری بکات و بەدواداچوونی بۆ بکات.

خەلیل لە دیمانەیەکیدا بۆ سکای نیوز عەرەبی وتی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێدەچێت ئەو ئامێرانەی کە دەست حزبوڵڵای لوبنان کەوتووە، پێش ئەوەی بگاتە دەستییان لەلایەن ئیسرائیل و مۆساد دەستیان بەسەرداگیرابێت و بە ماددەی تەقینەوە بارگاویکرابن.

دەربارەی ئەو پاترییانەی لەو ئامێرانەدا، ئەو شارەزایە ڕوونیکردەوە، پاتری لیتیۆم ناتوانێت ببێتە هۆی تەقینەوەیەک بەو قەبارە گەورەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بە گەرمکردنی پاترییەکە ڕوویداوە، کە لە تەنیشتەوە مادەی تەقینەوەی تێدا چێنراوە.

هاوکات دەکرێت لە پلەی دووەمدا بڵێین هێرشێکی ئەلیکترۆنییە، کە بە دەستگەیشتن بە فرێکوێنسی ئامێرەکە و ناردنی نامە بۆ هەمووان لە هەمان کاتدا دەردەکەوێت بۆ گەرمکردنی پاتری و ببێتە هۆی تەقینەوەی ئامێرەکە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز:

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز:

بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەکە، ئەو پەیجەرانەی کە لە یەک کاتدا لە دەستی ئەندامانی حزبوڵڵادا تەقینەوە لە تایوانەوە هاتوون و پێش ئەوەی بگەنە لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیبەسەرداگیراوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو ئامێرە ڕادیۆییانەی کە تەقینەوە لەلایەن کۆمپانیای تایوانی گۆڵد ئەپۆلۆوە دروستکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆچوونێک هەیە دەڵێت پێش ئەوەی ئەم ئامێرانە بگاتە لوبنان ئیسرائیل دەستکاری کردوون، و بە چاندنی بڕێکی کەم لە تەقەمەنی لەناو هەریەکەیاندا، بەڵام بەفەرمی ئەمە نەسەلمێنراوە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو پەیجەرانەی کە لەلایەن “گۆڵد ئەپۆلۆ”وە دروستکراون، نزیکەی ٣ هەزار ئامێری لەخۆگرتووە، کە زۆربەیان لە مۆدێلی “AP924” بوون.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆی تایوانی ڕایگەیاندووە، ئەو ئامێرە پەیجەرانەی کە بە دەستی ئەندامانی حزبەوە تەقینەوە، لەلایەن کۆمپانیاکە دروست نەکراون، بەڵکو تەنها هەڵگری ناونیشانای کۆمپانیاکەن.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئامێرانە لەلایەن هاوبەشە هەنگارییەکەیەوە دروستکراون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مافی بەکارهێنانی نیشانەی بازرگانی کۆمپانیا تایوانییەکەی هەیە.

حزبوڵا بەم بابەتەی دەزانی؟

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکیدا هاتووە، حزبوڵڵا ماوەی دوو ڕۆژە گومانی هەبووە لەو پەیجەرە بێ وایەرانەی ئەندامەکانی بەکاردەهێنن، چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی هەزاران لەوانە لە یەک کاتدا لە لوبنان لە ڕۆژی سێشەممەدا بتەقنەوە.

ئەو هێرشە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 12  کەس و برینداربوونی لانیکەم 3 هەزار کەس لە لوبنان.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکانی ئیسرائیل “هێرشەکەیان خێراتر کردووە دوای ئەوەی نیگەران بوون لە ئەگەری ئاشکراکردنی چاندنی تەقەمەنی لەناو پەیجەرەکاندا”.

ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە: “بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرە باڵاکانی و فەرماندەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگری بڕیاریاندا لە ئێستاوە ئەو سیستەمە بەکاربهێنن نەوەک مەترسی دۆزینەوەی لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە بکرێت”.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان باسیان لە ترسی ئیسرائیل کردووە لە ئاشکرابوونی بابەتی “پەیجەر”، ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوو بریکاری حزبوڵڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گومانیان لەسەر ئەم ئامێرانە دروستکردووە.

كۆمسیۆن 5 كاندیدی لە هەڵبژاردنی كوردستان دوورخستەوە
پێت كۆمسیۆن 5 كاندیدی لە هەڵبژاردنی كوردستان دوورخستەوە
وەزارەتی دارایی دەربارەی هەژماری من ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
دوات وەزارەتی دارایی دەربارەی هەژماری من ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پەیوەندیدار