بازاڕی فۆڕێکس (forex)



گوڵاڵە سدیق- شارەزای ئابووری

بازاڕی فۆڕێکس، یان بازاڕی دراوی بیانی، ناوەکەی پێکهاتوە لە سەرەتای هەردوو وشەی (Foreign Exchange) ، لەم بازاڕەدا ئاڵوگۆڕ لەنێوان دراوە بیانییەکاندا دەکرێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێر لە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، واتە تەنها ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە پشووە و کاری تێدا ناکرێت.

کارکردن لەم بازاڕەدا نا ناوەندییەوە واتە شوێنێک نیە بۆ کۆبونەوەی بازرگانەکان لەم بازاڕەدا، چونکە بازرگانیکردن لەبازاڕی فۆڕێکس لە ڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەبێت، تاک دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلەکەی ڕاستەوخۆ، یان لەڕێی یەکێک لە کۆمپانیا نێوەندگیرەکانەوە بچێتە ناو پرۆسەکەوە کە مامەڵەکە لە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکییەوە دەست پێ دەکات.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی فۆڕێکس ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی ٧ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەش قەبارەیەکی ئێجگار گەورەیە بە بەراورد بە بازاڕە جیهانییەکانی تر، چونکە ریسک لەم بازاڕەدا کەمترە بە بەراورد بە بۆرسە، بەشداربوو کەمتر توشی زەرەر دەبێت بە بەراورد بە پشکی کۆمپانیا لە بۆرسەدا، چونکە دەکرێت پشک لە پڕ کاتێکدا زۆرینەی نرخەکەی لەدەست بدات، بەڵام دراوی هیچ وڵاتێک کە لە بازاڕی فۆڕێکس مامەڵەی پێوە دەکرێت لەپڕ هەموو نرخەکەی لەدەست نادات!

بازاڕی فۆڕێکس جیاوازە لە بۆرسە، چونکە لەبۆرسەدا کردارەکە کڕینی پشک و سەنەدات و نەوت و زێڕ بەرامبەر بە بڕێک لە پارە، بەڵام لە بازاڕی فۆرێکس کڕین و فرۆشتن لەنێوان دوو دراودا دەکرێت واتە بنەمای کارەکە لە مقايضەوە هاتووە کە لە سەردەمی بابلییەکانەوە پەیڕەو کراوە.

ئەو دراوانەی سەرەکین لە مامەڵەی فۆڕێکس بریتین لە (دۆلاری ئەمریکی، پاوەنی بەریتانی، یۆرۆی ئەوروپی، یەنی یابانی) لەگەڵ هەندێک دراوی ناوەندی تر وەک( فرەنکی سویسری، دولاری ئوسترالی، دولاری کەنەدی، دولاری نیوزلەندی)، وە دراوە کەمەکان وەک (بیزوی مەکسیکی، لیرەی تورکی، ڕوپیەی هندی)

واتە هەر کاتێک کۆمپانیایەکی نێوەندگیر بە بەشداربویەکی گوت لە بازاڕی فۆڕێکس ئاڵتونت بۆ دەکڕم یان هەر دراوێکی ترت بۆ دەکڕم جگە لەم دراوانە، ئەوا بزانە ئەو کۆمپانیا نێوەندگیرە مامەڵەکەی لە فۆڕێکس نەکردوە و فێڵێک لە ئارادایە!

ئەم بازاڕە ئەگەر نەخرێتە ژێر چاودێری وردی دەوڵەتەوە، ئەوا ڕێگایەکی باش و ئاسانە بۆ فێڵکردن لەخەڵک و سپیکردنەوەی پارە.

واتە بەشێوەیەکی گشتی، بازاڕی فۆڕێکس بۆ دراوە بیانییەکان یەکێکە لە بازاڕە متمانە پێکراوەکان لە جیهاندا، وڵاتان لەڕێگەی بانکی ناوەندی وڵاتەکەیان، یان هەر بانکێکی متمانە پێکراوی وڵاتەکەیان، یان کۆمپانیای باوەڕ پێکراو دەچنە ناو بازاڕەکەوە ڕۆژانە چەندین ملێونان دۆلار قازانج دەکەن لەڕێی ئەم ئاڵوگۆڕە جیهانییەوە.

 

بازاڕی فۆڕێکس لە عێراق

ئەم بازاڕە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا، چەندین کۆمپانیا بەناوی کۆمپانیای نێوەندگیرەوە مۆڵەتی فەرمیان لە حکومەتی ناوەند و هەرێم وەرگرتووە.

شێوازی کارکردن لە کۆمپانیانە، خۆیان وەک نێوەندگیرێک دەردەخەن لەنێوان هاوڵاتی و بازاڕەکەدا، کە هەمیشە سودمەندی گەورە و سەرەکی خاوەن کۆمپانیاکانن و ئەوانەن لەبەشی سەرەوە کۆمپانیاکە بەڕێوە دەبەن، وە هەمیشە خەڵکە سادەکە زەرەرمەندە و ئیفلاس دەکات، چونکە کەسانی باڵا دەست و خاوەن نفوز لەپشت زۆرینەی ئەم کۆمپانیانەوەن، وە بێ کاری و نەزانی خەڵکیان قۆستوەتەوە بۆ فێڵکردن و بردنی پارەی خەڵک و ئیفلاس پێکردنیان، بەتایبەت توێژی گەنجان.

هەمیشە، خاوەنی ڕاستەقینەی کۆمپانیاکان چەند گەنجێک دەهێنن و ژیانێکی شاهانەیان بۆ فەراهەم دەکەن بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەن کە لەڕێی ئەم بازرگانیکردنەوە دەوڵەمەندبوون، تا لەو ڕێیەوە خەڵک ئیغرا بکەن و پارە لە خەڵک کۆبکەنەوە، پاش ماوەیەکی کەم دەڵێن ئیفلاسمان کردوە.

بەهۆی لاوازی حکومەت و باڵا دەستی حزب و کەس بەسەر حکومەتدا دیسان ئەم بازاڕی فۆرێکسە لە عێراق بووە بە وەسیلەیەکی باش بۆ سپیکردنەوەی پارە.

پێویستە تاک، بەتایبەت گەنجەکانمان، بە ئیدعا و بانگەشەی ئەو بەناو خاوەن کۆمپانیایانە هەڵنەخەڵتێن، چیتر ئەو پارە کەمەی بە عارەقەی ناوچەوان کۆیانکردوەتەوە نەیخەنە دەست ئەو باندە بێ ویژدانانەوە، کە دەوڵەمەندکردنی خۆیان بە ئیفلاس پێکردنی گیرفانی ئەوان بونیاد دەنێن.

کەواتە دەتوانین بڵێن بازاڕی فۆڕێکس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئیستغلال کردن و خراپ بەکارهێنانییەوە، بووە بە وەسیلەیەک بۆ سپیکردنەوەی پارە و فێڵکردن لە خەڵک و ئیفلاس پێکردنیان.

عێراق یارمەتی تەندروستی گەیاندە قوربانییانی تەقینەوەکانی لوبنان
پێت عێراق یارمەتی تەندروستی گەیاندە قوربانییانی تەقینەوەکانی لوبنان
وەزیری تەندروستی: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمدا کەمترە لە ستانداردی نێودەوڵەتی
دوات وەزیری تەندروستی: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمدا کەمترە لە ستانداردی نێودەوڵەتی
پەیوەندیدار