وەزیری تەندروستی: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمدا کەمترە لە ستانداردی نێودەوڵەتی



وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند ژمارەت تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییەوەیە و لە سەدا 40ی ئەوانەش کە چارەسەر دەکرێن، دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت ئێمە بەهەندی وەردەگرین.

ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانە لە جیهاندا 19 ملیۆن تووشبوو نوێ تۆمار دەکرێت، تاوەکو ئێستا توشبووانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییە، کە لە 0.15%ـیە، بەڵام لە جیهاندا 0.19%ـیە.

ڕوونیشیکردەوە کە بەگوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی ساڵانە لە جیهاندا لە هەر 100 هەزار کەسێکدا 190 توشبوو تۆمار دەکرێت، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستاندا 151 حاڵەت تۆمار دەکرێت.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، 40%ـی نەخۆشانی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، کە ڕۆژانە بۆ چارەسەری کیمیایی و پشکنین و نەشتەرگەری ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

سامان برزنجی ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانییویەتی لە سەدا 90ـی سەرجەم چارەسەرییەکان لەسەنتەرەکان بەردەست بکات، هەروەها لەساڵی 2020 تا کۆتایی 2023، زیاتر لە 285 ملیار دیناری بۆ دەرمانی شێرپەنجە خەرج کردووە.

ئاماژەشیدا بەوەی تێچووی خەمڵێندراوی چارەسەر و نەشتەرگەری نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، لە نێوان 180 هەزار دینار تا 200 هەزار دۆلاردایە.

بازاڕی فۆڕێکس (forex)
پێت بازاڕی فۆڕێکس (forex)
تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكیشدا گیرا
دوات تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكیشدا گیرا
پەیوەندیدار