سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق لە تەنگانەی داراییدا نییە و نەوت ببێت بە 60 دۆلاریش كاریگەری لەسەر مووچە نابێت.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، زیادەڕۆیی هەیە لە بابەتی دابەزینی نرخی نەوتدا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بودجە نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 70 دۆلار دیاریكردووە و داهاتەكەی 120 ترلیۆن دینارە، مووچەی فەرمانبەران رێژەیەكی كەمی بودجە پێكدەهێنێت.
ڕاشیگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە 60 دۆلاریش كاریگەری لەسەر مووچە نابێت و وتوشیەتی، “ئێمە نامانەوێت بگەینە قۆناغی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت، بەڵكو دەبێت داهاتە نانەوتییەكان زیاد بكەین”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی دارایی بەردەوامە لە میوانداریكردنی وەزیرەكان و میوانداری وەزیری دارایی دەكرێت بۆ ئاگاداربوون لەو بژاردانەی، كە دەكرێت بودجە و داهاتی نانەوتیی پێ بەهێز بكرێت.
عەتوانی جەختیشی كردۆتەوە، هیچ تەنگانەیەكی دارایی بوونی نییە و ئامانجی سەرەكی ئەوەیە داهاتە نانەوتییەكان زیادبكرێت، كە ئەمە گەشەی بەردەوام بەدیدەهێنێت.