سوپای ئیسڕائیل لەڕێگەی دزە كردنە ناو سیستمی ئامێری پەیوەندی “پەیجەرز”ەوە بە هەزاران ئامێریان لە ناو لوبنان تەقاندۆتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا 8 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 750 كەسیش بریندارن و ژمارەكەش لە هەڵكشانە، كە یەكێك لەوانە باڵیۆزی ئێرانە و تەندروستی ئەو وڵاتەش حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیوەندی “پەیجەرز”ەوە تا ئێستا 8 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە منداڵیشی تێدایە و زیاتر لە 2 هەزار و 750 كەسیش تا ئێستا بریندارن.
ڕاشیگەیاندووە، داوامان لە سەرجەم نەخۆشخانەكان كردووە ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ وەرگرتنی بریندارەكان.
لای خۆشیەوە، حزبوڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەقینەوەی ئامێرەكانی “پەیجەرز” بۆتە هۆی كوژرانی منداڵێك و دوو برای و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانیش بریندارن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لایەنە پزیشكییەكان و تەندروستییەكان دەستیان كردووە بە چارەسەری بریندارەكان لە ژمارەیەك نەخۆشخانەی جیاواز لە ناوچەكانی لوبنان.