كێشەی زەوی سندووقی لە گەرمیان چارەسەر دەکرێت



وەزیری شارەوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، كێشەی زەوی سندووقی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چارەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەیەكی لەمێژینەی زەویی سندووقی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، ئەو زەوییانەی دەكەونە نێوان دوو خانوو و یان سێ خانوو كە بە زەویی (سندووقی) ناسراون.

ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتەکەیان نووسراوی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە لەمێژینەیە بكرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە بەپێی ژماردن و سەرژمێریكردنی ئەو حاڵەتانەی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیاندا هەن و بەگوێرەی بەڵگەنامەی فەرمی كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەو بڕیارەی حكومەت سوودمەند ببن.

ساسان عەونی، سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەو گرفتەش كە خەڵكێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، وتی: “ئەوە كێشەیەكی كۆن بوو لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، هاووڵاتییان داوای چارەسەركردنی ئەو گرفتەیان دەكرد و دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، سەرۆك وەزیران لەو كێشەیە ئاگاداركرایەوە و ئەویش دەمودەست فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەكە و ئێستاش دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو كێشە لەمێژینەیەی هاووڵاتییانی گەرمیان كراوە”.

حکومەتی هەرێم: لە چوار ساڵدا نزیکەی هەزار کرێکار خانەشین کراون
پێت حکومەتی هەرێم: لە چوار ساڵدا نزیکەی هەزار کرێکار خانەشین کراون
لە بەغدا دانوستان لەسەر مووچە دەستپێدەکاتەوە
دوات لە بەغدا دانوستان لەسەر مووچە دەستپێدەکاتەوە
پەیوەندیدار