ئەنەس تەمەنی کەمتر لە سێ ساڵە و بەشێک لە قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە



منداڵێکی تەمەن نزیکەی سێ ساڵە، خەریکی قورئان لەبەرکردنە و ئێستا جوزئی عەمەی تەواو کردووە و وەک باوکی دەڵێت لە پلانیاندایە تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەر بکات.

ئەنەس سەلمان حەسەن، تەمەن دوو ساڵ و نۆ مانگ، دانیشتووی سلێمانی، ماوەی چەند مانگێکە خەریکی خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئانە و ڕۆژانە سەردانی ڕێکخراوێک دەکات بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئان بێت و لەماڵەوەش دایک و باوکی ھاوکاریی دەکەن و پلانییان وایە تا دەگاتە تەمەنی پێنج ساڵی، تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەر بکات.

سەلمان حەسەن، باوکی ئەنەس لەبارەی کوڕەکەیەوە دەڵێت: “ئەم منداڵە ھەر کە زمانی ئەوەی گرت کە چەند قسەیەک بکات، ئێمە ناردوومانە ڕێکخراوێک بۆ ئەوەی لە خەڵکی دیکە و لە شوێنی دیکەوە بتوانێت شت وەربگرێت، بە گشتی منداڵ لە تەمەنی دوو ساڵییەوە کۆمەڵێک وشە فێر دەبێت، ئێمەش لەم کاتەوە دەستمان پێکردووە لەگەڵی و بەردەوامین”.

لەبارەی چۆنییەتی فێربوون و لەبەرکردنی قورئان، باوکی ئەنەس وتی: “لەسەرەتاوە، ڕۆژانە پلانمان بۆی داناوە، ڕۆژانە دەچێتە ئەم ڕێکخراوە، لەدوای گەڕانەوەی ئیتر ھەندێک پشوو دەدات و کاتی دیکەمان بۆی تەرخانکردووە لە ماڵەوە بۆ ئەوەی قورئان بخوێنێت و بەر لە خەوتنیش جارێکی دیکە ئەوانەی بە ڕۆژ خوێندوویەتی و لەبەری کردووە، پێی دووبارە دەکەینەوە”.

سەلمان حەسەن وتیشی: “ئێستا جوزئی عەمەی بە تەواوی لەبەرکردووە و لە جوزئی تەبارەکەدایە و ھێشتا ھەمووی تەواو نەکردووە،لە پلانماندایە تا تەمەنی پێنج ساڵی تەواوی قورئان لەبەر بکات، ھەروەھا پیتەکانی عەرەبی دەناسێتەوە و ھەندێکی لێ دەخوێنێتەوە”.

لە بەغدا دانوستان لەسەر مووچە دەستپێدەکاتەوە
پێت لە بەغدا دانوستان لەسەر مووچە دەستپێدەکاتەوە
لیژنەی ئارامیی سلێمانی پێنج بڕیاری دەرکرد
دوات لیژنەی ئارامیی سلێمانی پێنج بڕیاری دەرکرد
پەیوەندیدار