لیژنەی دارایی عێراق بەدواداچوون بۆ ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە و داهات و باج و گومرگ دەكات و پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات، كار لە هەمواری یاسای خانەنشینی دەكرێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٤/٩/١٦ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆک و چەند ئەندامێکی لیژنە كۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردنی چەند پرسێك.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گفتوگۆیان كردووە لەسەر ئەو یاسایانەی پێویستە لە ماوەی داهاتوو لیژنەی دارایی کاری لەسەر بکات وەک هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، یاسای بانکی ناوەندی و یاسای بانکەکان لەگەڵ بەدواداچوون بۆ بڕی بەدەستهاتوو لە داهاتە نانەوتییە خەمڵێنراوەکانی یاسای بودجە.
ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆیان كرووە لەسەر پلانی لیژنە بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ گفتوگۆ و ڕێکكەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە مووچە و داهاتی باج و گومرگ و پرسە داراییەکانی تری نێوان هەردوولا.
ئاشكراشی كردووە، پێشنیاز بۆ دامەزراندنی سندوقی سەروەری دەوڵەت و پێکهێنانی تیمێک بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکومەت لە خەمڵاندنی داهاتی وەزارەت و دامەزراوەکان كراوە.