مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ کرا بە گرێبەست و لە مانگی ئەیلوولەوە بەو شێوەیە بۆیان هەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، ڕایگەیاند “لەم مانگەوە (ئەیلوول) مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت”.
وتیشی: لەم مانگەوە ئەو مامۆستایانە مووچەکانیان بە گرێبەست وەردەگرن کە بڕەکەی لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار دیناردایە.
کارۆخ عەبدوڵا ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، له دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ناو و لیستی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ واژۆ کراوە و بوونەتە گرێبەست.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەمڕۆوە لیست و ناوەکان دەنێرێنە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەستی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت.
ئێستا وانەبێژان مووچەی مانگی ئایار (پێنج)یان وەرگرتووە، مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت و هەشتیش هەر بە وانەبێژی وەردەگرن و لە مانگی نۆوە دەبێتە گرێبەست.