عێراق مریشکی زیندووی ناوێت



حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە قەدەغەی ناردنی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە، نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان دابەزی.

لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەندەوە بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ناردنی مریشکی زیندوو لەنێوان هیچ پارێزگایەکی عێراقدا، بە تەواوی ڕێگری لە هەرێمی کوردستانیش دەکرێت تا مریشکی زیندوو بنێرێت بۆ عێراق.

لە هەرێمی کوردستاندا هەرزار و ٨٤٠ کێڵگەی پەلەوەری بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک هەیە، ساڵانە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ١٤٦ هەزار تۆن هەیە.

تا ئێستا عێراق ببووە بازاڕی ساغکردنەوەی ئەو ٪٤١ی ئەو مریشکە زیندووەی لە هەرێم بەرهەم دەهات، بەڵام دوای ئەم بڕیارە چی دیکە بازاڕ لە عێراق بۆ مریشکی زیندووی کوردستان نابێت.

عێراق دەیەوێت ئەو مریشکە زیندووەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە سەربڕاوی و بەستووی بۆی بنێردرێت.

جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەم بڕیارە بەشێکی بەرچاوی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک زیان دەکەن، بەڵام لە داهاتوودا ئەمە سوودی دەبێت، چونکە ئیتر دەبێتە مریشکەکە لە سەربڕینخانەکاندا و لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتەنەریدا سەرببڕێت.

بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای سلێمانی کەمتر لە حەوت سەربڕینخانەی مریشک هەیە، ئەوانیش بەهۆی کەمی خواست لەسەر مریشکی بەستوو هەفتەی ڕۆژێک کاردەکەن، بەڵام ئەگەر خواست لەسەر مریشکی بەستوو هەبێت ئاوا دەتوانن بەرهەمێکی زۆرتریان هەبێت.

لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی هاووڵاتیان خواستیان لەسەر مریشکی زیندوو و گەورە هەیە، کەمترین خواست لەسەر مریشکی بەستوو و بچووک هەیە، لەکاتێکدا بەپێی زانست مریشکی زیندوو و گەورە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، دەکرێت ڕێگایەکیش بێت بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

لەبەرامبەردا مریشکی بەستوو بەشێوەیەکی زانستی لە سەربڕینخانەکاندا سەردەبڕێت، لەبری زیان سوودی تەندروستی دەبێت، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

جەمال حسێن پێی وایە لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم بڕیارەدا، سوودی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلی کار لە سەربڕینخانەکاندا و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەکات، هاوکات هاووڵاتیان مریشکێکی تەندروستیان دەبێت بۆ خواردن.

بانکی بازرگانی عێراق (TBI) ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پێت بانکی بازرگانی عێراق (TBI) ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
وەزارەتی دارایی بڕیارێكی بۆ فەرمانبەران دەركرد
دوات وەزارەتی دارایی بڕیارێكی بۆ فەرمانبەران دەركرد
پەیوەندیدار