لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو



لە دووهەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی مەهسا (ژینا) ئەمینی، لە شاری سەقز و بەشێک شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو.

بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە، شارەکانی سەقز و چەندین شاری دیکەی نزیک، بە نیشانەی پشتیوانی لە خواستی مانگرتن، دوکان و بازارەکانیان داخستووە.

هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، لە ناوچە هەستیارەکان جێگیر کران. هاوکات ڕێگەکانی چوون بۆ گۆڕستانی ئایچی لە سەقز کە شوێنی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی و قوربانیانی دیکەی خۆپیشدانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لە خێزانەکەی ژینا ئەمینی دەکرێت کە لە ماڵ بچنە دەرەوە، یاخود سەردانی گۆڕستان بکەن.

لە ١٣ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢دا، لە تارانی پایتەختی ئێران کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی مەهسا (ژینا) ئەمینی، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادوە و تێکچوونی باری تەندروستیی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە ١٦ی هەمان مانگدا گیانی لەدەستدا.

گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی تەقینەوەی شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەو وڵاتە، کە لە ١٧ی ئەیلوولی هەمان ساڵ لە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد، سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە و بووە خۆپیشاندانی دژ بە حکوومەت.

بە پێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە ناوەندەکەی لە نەرویجە، لە گرژییەکان بە هۆی خۆپیشاندانەکانەوە ٥٣٧ خۆپیشاندەر کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر کران و هاوکات ٧٠ کەس لە کارمەندانی ئاسایشیش کوژران.

 

“شاندی لیژنەی دارایی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکانى نێوان هەرێم و عێراق دەکات”
پێت “شاندی لیژنەی دارایی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکانى نێوان هەرێم و عێراق دەکات”
ئەمریکا داوا لە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن
دوات ئەمریکا داوا لە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن
پەیوەندیدار