پەرلەمان یاسای باری كەسێتی خستەوە بەرنامەی كار



سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، بەڵام پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی، كە وەك چالاكوانان دەڵێن: ناوەندە ئاینییەكان شوێنی دادگاكان دەگرنەوە و شەرعیەت دەدرێت لە بەشوودانی كچانی خوار 18 ساڵ.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەكانی ڕۆژی دوو شەممە 16ی ئەیلوولی بڵاوكردەوە، كە لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ دەستپێدەكات و تیایدا خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت.

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، دەنگ لەسەر دوو پڕۆژە یاسا دەدرێت و خوێندنەوەی دووەمیش دەكرێت بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی و هاوكات خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ دوو پڕۆژە یاسا دەكرێت.

بەپێی پەیامی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، كە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گردبوونەوە و بەیاننامەیان دەركردووە، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و ئاستەنگ دروست كردن لەبەردەم كاروباری دادگاكان و یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكان قورستر دەكات و مەرجەع و دیوانەكانی وەقفی شیعی و سوننی دەكاتە جێگرەوەی دادگاكان و هاوكات كێشەی گەورە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست دەكات و كێشەی گەورە دەخاتە نێوان هاوسەران لە بابەتی مەزهەب و هاوكات كێشەی گەورەی تەندروستی لێ‌ دەكەوێتەوە بەتایبەت لە بەشوودانی كچانی تەمەن بچووك.

ئەم هەموارە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشكەشیان كردووە، لەلایەن هێزە مەدەنییەكانەوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتیی دروستكردووە و هەموارەكە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی رێگە بە هاوسەرگیری كچانی منداڵ دەدات.

لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە جاری سێیەمە لایەنە شیعەكان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراقی دەدەن.

نرخی زێڕ ڕیكۆردی مێژوویی شكاند
پێت نرخی زێڕ ڕیكۆردی مێژوویی شكاند
زەوی بەسەر مامۆستایانی زانكۆی كەركوكدا دابەشدەکرێت
دوات زەوی بەسەر مامۆستایانی زانكۆی كەركوكدا دابەشدەکرێت
پەیوەندیدار