بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی سەوزە و میوەی دەریای ناوەڕاست، عێراق لە ماوەی مانگی ئابدا بە بەهای 35 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوەی تورکی هاوردەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، فەرحات گۆروز، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی هەناردەکارانی سەوزە و میوەی دەریای ناوەڕاست ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی مانگی ئابدا بە بەهای 35 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوەی تورکی هاوردەکردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵەکە سەوزە و میوەی هەناردەی وڵاتانی جیهان کردووە بە بەهای دارایی 79.7 ملیۆن دۆلار لە مانگی ئابدا، کە بە ڕێژەی 31% بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو زیادیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵەکە پشتگیرییەکی بەهێزی لە کەرتی هەناردەکردنی تورکیا کردووە بە ڕێژەی 37%.
ئەوەشی خستەڕوو، قۆخ، هەنجیر و ترێ لە سێ پلەی یەکەمدان بۆ بەرهەمەکانی هەناردەکراو لەو ماوەیەی پێشوودا.
گۆرۆز ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕی سەرەکی بۆ ساغکردنەوەیی بەرهەمەکان بریتین لە ڕووسیا، عێراق و ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی هەناردەکردن بۆ عێراق، سوریا، فەرەنسا، سویسرا و پۆڵەندا خێراتر بووە.
لە لیستی ئەو وڵاتانەی لە مانگی ئابدا هەناردەیان بۆ کراوە، ڕووسیا بە ڕێژەی 24% زیادبوون و بەهای 46 ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، عێراقیش بە پلەی دووەم دێت بە زیادبوونی 161% و بەهای 35 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا لە پلەی سێیەمدایە بە زیادبوونی 24% و بەهای 29 ملیۆن دۆلار.