مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەدەنەوە



لە بلاوکراوەیەکدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی وەڵامی جیگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەدەنەوە و دەێن” خەباتی مامۆستایان لە پێناوقوت و شکۆو ژیانێکی شایستەدابووە و هەیە”.

دەقی بڵاوکراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی سلێمانی:

وەڵامێکی پێویست بۆ جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

دوێنێ چوار شەممە ٢٠٢٤ / ٩ / ١١جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چوار چێوەی وتارێکی نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا هەندێك دەستەواژەی ناپەروەردەیی بەکار هێنا، وێڕای ئەوەی تۆمەتێکی ناڕەوای خستە پاڵ مامۆستایانی خاوەن ئیرادەی شەقام، لە بری ئەوەی باس لە گرفتەکانی پەروەردەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پلانی سەرخستنی کەرتی پەروەردە بکات کە ساڵ بەساڵ وێرانتر دەبێت.

لە وتارەکەی بەڕێز مامۆستا عومەر (ج.ب. گ.پ.س)دا، زۆر بە توندی و بە خۆهەڵکێشانەوە خەباتی مامۆستایانی ناڕازی بەدەست شکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا لەقەڵەمدا و وتی( ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە) کە لە ڕاستیدا خەباتی مامۆستایان لە پێناوقوت و شکۆو ژیانێکی شایستەدابووە و هەیە، وە ئێمە هەمیشە خوێندکار و مامۆستاو دامەزراوە پەروەردەییەکانمان وەك یەك پاکێج تەماشاکردوە و لە خەمی ئەوەدا بوین کە خوێندن بە شێوازێکی دروست بخرێتەوە سەر پێی خۆی و تەنها بەڕێکردنی ساڵ نەبێت

و گرفتەکان چارەسەر ببن، نەك دەستشکانەوە و بردنەوە و دۆڕاندن.

بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە بە دەستەواژەی ناپەروەردەیی و لێکەوتەی دەستوەردانی حیزبی دەزانین لە کایەی پەروەردەدا، بۆیە لێرەوە بە بەڕێزیان و هەموو ئەوانەی بەو شێوازە بیردەکەنەوە دەڵێین نەك دەست شکانەوەکەتان نەبردۆتەوە بەڵکو ئێوە کەرتی پەروەردەتان وێران کردوە و

هەر لە یەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە دەستی حیزبیتان شکایەوە و گەر کەمێك لە خەمی پەروەردەدا بوونایە دەبوو هەر زوو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە، کە لەڕاستیشدا دەبوو دەست شکانەوەی ئێوە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بێت کە خوێندنی بێ بەهاو کردوە و قوت و ژیانی خەلکی بڕیوە کە خۆتان بەشێکن لێی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت(مامۆستایانی ناڕازی ویستیان ئاراستەکەیان بەرەو ماڵی من بێنن و بەرد بارانمکەن)، ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نیە، هەوڵی خۆ وەك پاڵەوان نیشاندانە و هیچیتر، چونکە لە ماوەی خەباتی مەدەنیدامامۆستایان جگە لە دامەزراوە فەرمیەکان و بارەگا حیزبیەکان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و وێرانکاریەکانی ئەم وڵاتەن، نە چوینەتە هیچ جێگایەکیتر و هەر جێگایەکیش بڕیارمان لێدابێت خۆپیشاندانمان تێدا ئەنجامداوە و سڵمان لە فشار و هەڕەشەی هیچ بەرپرسێکی باڵای بڕیار بەدەستیش نەکردۆتەوە نەك ئەوانەی کە هیچ بڕیارێکیان لا نیە، بۆیە قسەکانی جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەد دەکەینەوە و بەهەوڵی خۆبردنە پێشەوەی حیزبی دەزانین و بە بیری دێنینەوە کە مامۆستایان لەماوەی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەدا لە هەر جێگایەك بڕیارمان لەبارەوە دابێت خۆپیشاندانەکانمان ئەنجامداوە، هەر لە چوونە هەولێر و بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان و بەردەم بارەگای سەرەکی حیزبەکان و سەرای ئازادی و گرتنی رێگای سەرەکی کەرکوك -سلێمانی لە بازگەی چیمەن و دوا خۆپیشاندانیش بۆ بەردەم دەباشان بوو، وەچەندین بڕیاریتری گرنگی بوێرانە.

لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە حکومەتێكی شکستخواردووی پڕ لە قەیرانی نابەرپرس دەبێت بزانێت بەرپرسەکانی چۆن قسەدەکەن تالەوە زیاتر نەبنە بارگرانی، چونکە مامۆستایان و فەرمانبەران وەك زیندوترین توێژ لە دەساڵی ڕابردوودا گەورەترین نەخێریان بەگوێی دەسەڵاتدا داوە و توانیویانە دەنگی ناڕەزایی بگەیەننە تەواوی ناوەندە جیهانیەکان و لە عێراقیشدا بە چاوی خۆتان دەبینن ڕۆژ بە ڕۆژ چ شکستێك ڕووبە ڕووی ئەم دەسەڵاتە دەبێتەوە و چۆن هەنگاوە مەدەنیەکانمان توانیان بگەنە دادگای فیدراڵی و پەرلەمان و حکومەت و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداو لە هەمووشیاندا ئیرادەی خەباتی مەدەنی سەرکەوتوو بوە و دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێنیتێدا شکاوە، تازە بەتازە بەرپرسێكی بەتەزکیە دانراوی حیزبی باسی بردنەوەو دەست شکانەوە دەکات، لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان بکەن و بڵێن ئێمە نەمانتوانی چارەسەری گرفتەکان بکەین و ئەوە چەندین ساڵە خوێندن بەڕێ دەکرێت و هیچ ساڵێك وەك ساڵێکی ئاسایی تێنەپەڕیوە و داوای لێبوردنتان لێ دەکەین، نەك خۆ هەڵکێشان و لێدوانی ناپەروەردەیی.

سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی

١٢/٩/٢٠٢٤

گومرگی جۆریک ئۆتۆمبێل هەڵگیرا
پێت گومرگی جۆریک ئۆتۆمبێل هەڵگیرا
دابەشکردنی نەوت دەستیپیکرد
دوات دابەشکردنی نەوت دەستیپیکرد
پەیوەندیدار