بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) درا.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوریدا هاتووە کە خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە( ١٠) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت:”بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی ( ٢٠٢٠) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت”