وەری دەگرینەوە…



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

ئاساییە ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، لەلایەن لایەنەکانەوە، کۆمەڵێک دروشم بانگەشەی بۆ بکرێت، ئیتر هەر یەکە و بە پێی بەرنامە و بۆچونی خۆی، لایەن هەیە دەڵێت هەولێر ئاوەدان دەکەینەوە، هەیە دەڵێت ژینگەکەی پاک نییە و بارگاوی بووە بە دووکوڵ و گاز، کار بۆ پاککردنەوەی دەکەین بەڵکو بشێت بۆ ژیانێکی ئاسایی.

هی واش هەیە پێی وایە، هەولێر لە ڕەسەنایەتی خۆی داماڵێنراوە، لەبەر خەڵکی بێگانە و هەندێ گوند و کۆمەڵگەی بەدناو، دەبێت کار بۆ گێڕانەوەی ڕەسەنایەتییەکەی بکەین، هەندێ کەس و لایەنیش هەیە باوەڕی وایە هەولێر زەوتکراوە، بۆیە دەڵێن “وەری دەگرینەوە!”

مخابن تەنها بە ڕاگەیاندنی ئەو دەستەواژەیە، هەندێک کەس و لایەن، هاواریان لێ هەڵستا و زیڕەیان گەیشتە کەشکەلانی فەلەک، تەنانەت مەڕیخیش، لەگەڵ دەیان بەیت و بالۆرەیتر، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دروشمە هەر وەک دروشمەکانیتر مافێکی ڕەوای لایەندار و بێ لایەنەکانە، کە پێیان وایە دەبێت بە هەوڵ و هیمەت و جەماوەرەکەیان بەرجەستەی بکەن.

ئەو دروشمە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو دروشمانەی دەیڵێن، سولەیمانی وەکو هەولێر لێدەکەین و ئاوەدانی دەکەینەوە، بڕوام بەوە هەیە ئەوانە هەموویان دروشمی مەدەنین، پشت بە دەنگ و ڕەنگی جەماوەر دەبەستێت، واتە بە پڕۆسەی دیموکراسیەت بگەنە ئامانجەکان.

یەک بە خۆم تا ئەم ساتە لە هیچ کەس و لایەنێکم نەبیستوە بڵێن “دەیگرینەوە”، ئەکید ئەوە بوترابا، هەڵوێستەی دەویست، هاوار، فیغان و زیڕەش ئاسایی بوو، چونکە دەیگرینەوە، واتە بەکارهێنانی چەک و ئەسلحە و سواری پشتی دەبابە و بەکارهێنانی گاردی کۆماری و چەندین فەیلەق و لیوا و فەوجی ئالی و پیادە، لە ژێر ناو و نیشانی کردەیەکی سەربازی کە لە پێشدان و لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری بەکاریان دەهێنا، وەک ئەنفال، ئەلنصر ئەلمبین، توکل علی الله، کە ئەوانە هەموویان لە فەرهەنگی کوردەواریدا، هێمای کاولکاری و خەفەکردنی ڕۆحی شۆڕشگێڕی شۆڕەسوارانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی و دواجاریش کۆمەڵکوژێ گەلی کوردستان بووە.

لە ڕاستیدا ئەو سەردەمانە، سەردەمانێکی زۆر ناشیرن و قێزەون شەرمهێنەر بوو، بۆ بکەر و ئەوانەی بوونە کەوا سووری بەرلەشکر، لاپەڕەیەکی زۆر ڕەشیش بوو لە مێژووی ئەم گەلە ستەمدیدەیە، تەممەنا دەکەم هەرگیز ئەو شێوە کردار و ڕەفتارانە دووبارە نەبێتەوە و کەسیش پێویستی بە بەو پڕۆسە بەدناوە “دەیگرینەوە” نەبێتن، بەڵکو پێویست بە “وەری دەگرینەوە، ئاوەدانی دەکەینەوە، ژینگەکەی پاک دەکەینەوە، ڕەسەنایەتی هەولێر دەگێڕینەوە” بین.

ئەوانە هەمووی دروشمی زۆر شارستانین، هەمووشیان پێکەوە دەچنە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و جەماوەری، بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی پێویستن یان دەهێنێت بۆ شاری شاران هەولێری دێرین یان شاری ڕۆشەنبیری سلێمانی خۆشەویست بکرێت، بەڕاستی باوی هەڕەشە و گوڕەشە و مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات بە زەبری هێز نەماوە، هیوادارم لێرە بە دواوە هیچ کەس و لایەنێک بە تەمای ئەوە نەبێت، ئەگەر هەر پێشهاتێک هاتە پێشەوە بە دڵی نەبوو، رابکێشێتە چەک و بە پێش لەشکری بێگانە بکەوێت، دەبێت ئەو جۆرە ئەدگار و کردارە شەرم ئامێزانە کۆتایی پێ بێت، تەنها و تەنها سندوقی دەنگدان بکرێتە سەنگی محەک.

یەکڕاستیش هەیە دەبێت هەموو لایەک لەم هەرێمە لەبەرچاوی بگرێت، داگیرکەر و داگیرکردن دوو ڕووی یەک دراون، تەنها ناو و ڕەنگیان جیاوازە، ئەوەی بە پێوەت دەهێڵێتەوە تەنها کوردایەتی و کوردستانی بوونە لە هەر کوێ بێت، ئەوەشی داهاتووت مسۆگەر دەکات، یەک وتاری میللەتەکەیە و هیچیتر، ئەوەشی دەبێتە فاکتۆری هەرە ئەساسی بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ڕاستیە، دیموکراسیەتە.

دیارە هەڵبژاردنیش کۆلەگەییەکی گرنگی ئەو پڕۆسەیەیە، بۆ هەڵبژاردنیش جۆرەها دروشم هەیە، خەڵک ئازادە لە هەڵدانی تا ئەو سنوورەی ئازادی ئەوانیتر تێنەپەڕێنێت، بێگومان “وەری دەگرینەوە”ش دروشمێکە لەو جۆرە دروشمانە، هەق نییە کەس پێیەوە قەڵس و نیگەران بێت، مەگەر ئەوانەی خۆیان لە ڕابردوودا شتێکی وایان کردبێت، ترسیان هەیە لەوەی بەسەریاندا تاقیبکرێتەوە، بۆ ئەوە بەندە وای دەبینم هیچ کەس و لایەنێک ئامادە نییە، دەست بۆ ئەو کارە قێزەون و پڕ لە شەرمەزاریانە بباتن.

پزیشکیان، سەرۆکە ئازەرییەکەی ئێران بە کوردییەکی پاراو پەیام بۆ کوردستان دەنێرێت
پێت پزیشکیان، سەرۆکە ئازەرییەکەی ئێران بە کوردییەکی پاراو پەیام بۆ کوردستان دەنێرێت
تەمەنی خانەنشینی لە عێراق هاوتای هەرێم دەکرێت
دوات تەمەنی خانەنشینی لە عێراق هاوتای هەرێم دەکرێت
پەیوەنیدر