لە كۆتاییەكانی ئەم مانگەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دەكات و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكات و بۆ هەر بەرمیلێكیش بڕی نزیكەی 105 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارە بەم نزیكانە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە نەوت دابین بكرێت و لەگەڵ گەیشتنی بە كۆگاكان، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا.
ڕاشیگەیاند، پێدەچێت هەروەكو ساڵی ڕابردوو بڕی 200 لیتر بە 103 هەزار دینار بدرێت بە هاووڵاتیان.
سەبارەت بە هاتنی نەوت لە بەغداوە، سەرچاوەكە وتی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە لە بەغداوە نەوت بدرێت بە هەرێم و هەوڵ دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بەدەست نەگەیشتووە”.
لای خۆشیەوە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییان دابین دەکات، كە بڕەكەی 100 ملیۆن لیترە و هەر بەرمیلێكی 200 لیتری بە نزیكەی 105 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان”.
هاوكات، قائیمقامیەتی قەزای چۆمان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سەرجەم بریکارەکانی خۆراک لە سنووری قەزای چۆمان، هەر چوار ناحیەکانی سمیلان، گەڵالە، حاجی ئۆمەران، قەسرێ، ئاگادار دەکەینەوە، کە بۆ وەرگرتنی بەشەنەوتی ئەمساڵ، هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە و پارەی ئەو بەشە نەوتە لە هاووڵاتییان وەربگرن.”
ڕاشیگەیاندووە، “نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سۆران دەستدەکات بە دابەشکردنی بەشە نەوت لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی سنوورمان.”
لەبارەی نرخی نەوتەکە ئاشکرای کردووە، “هەر خێزانێك 200 لیتر نەوتی پێ دەدرێ و بڕی 104 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر لەپێش ماڵی هاووڵاتییان دابەش بکرێت، بڕی 2 هەزار دیناری دیکە وەردەگیرێت”.
ڕۆژی 5/9/2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردەوە، “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپاردووە، دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت.”