ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا بۆ خەرج كردنی مووچە ڕاگیراوەكانی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و تیایدا بڕیار درا بە خەرج كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاندووە، ناردنى مووچە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمى کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بێ گرفت بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڵێنیداوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تێبینییەکانى بەغدا لەسەر لیستى مووچە چارەسەر بکات.
لە ماوەی ڕابردوودا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، كە مووچەی مانگی 8یان بۆ هەرێم ناردووە و تەنها بڕی 38 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 7 ڕەوانە كراوە بەهۆی ئەوەی لە مانگەكانی ڕابردوودا پارەی زیاتر بۆ هەرێم ڕەوانەكراوە، بۆیە ئەو پارەیەیان گلداوەتەوە.
دوێنێ دوو شەممە، 9ی ئەیلوول، تیمی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، کە “ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە”.