بە وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی ئاب بۆ بەغدا بنێردرێت، وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیشی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیایی پارتی ڕاگەیاندووە، “لیستی مووچەی مانگی ئاب تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت و دواتر پارەی مووچە خەرجدەکرێت”.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی داوای ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیشی کردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئامادە ببێت، بەشێک لە دامەزراوەکان لیستەکانیان ناردووە بۆ وەزارەت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەواوکردنی بایۆمەتریی مووچەخۆران و کۆدی فەرمانبەرانی کردووە و داوایکردووە ناوی دووبارە و کێشەکانی پێشوو لە لیستەکەدا نەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب-یان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو و دوای زیاتر لە 55 رۆژ مووچەی مانگەی تەمموزییان وەرگرت.