هەرێم و عێراق لەسەر مووچە ڕێككەوتن



دوای دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئەنجوومەنی وزاری عێراق بۆ كاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم، لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن و لیژنەش بۆ وردەكاری جێبەجێكردنی چەند پرسێكی دیكە پێكهێنرا.

میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم، ڕێككەوتن كراوە لەسەر:
– چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگی 8، بڕیارە سبەی تاوەکو کۆتایی هەفتە لیستی مووچەی مانگی ئاب (8) ڕەوانەی بەغدا بکرێت و بەغداش لەسەر هەمان لیستی وردبینی كراوی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 بنێرێت.

– لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت بۆ لابردنی بازگە گومرگییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لابردنی هەموو بازگەکان بکرێت.

– دوای تێگەشتنی هەردوولا لەسەر بابەتی باجی کۆمپانیاکان بڕیاردا، کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تەنها باج بە یەک حکومەت بدەن، تۆمارکردنی ناویان لە هەر حکومەتێک تۆمار بکرێت بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئیدی نابێت دوو باج بۆ دوو حکومەت بمێنێت.

– کێشەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و مۆڵەت چارەسەر بکرێت، بڕیاریش درا هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا.

ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێک دێت.

ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقیش لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک وەزیری دیکە پێک دێت

 

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم دەستی پێكردەوە
پێت كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم دەستی پێكردەوە
سەرۆك کۆماری عێراق پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجه کرد
دوات سەرۆك کۆماری عێراق پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجه کرد
پەیوەندیدار