بارزانی پێشوازی لە شاندە باڵاكەی عێراق دەكات



مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە شاندی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری عێراق كرد و ڕایگەیاند، خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە 9ی ئەیلوولی 2024 لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی كرد، كە پێكهاتبوو لە فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلان دانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و حەمید نەعیم خزیر، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و عەلی موحسن ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە و پلاندانان و دارایی و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق.

لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت هەبوو، هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیان بۆ بارزانی خستەڕوو.

شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە، كە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان.

لای خۆشیەوە، بارزانی هیوای ئەوەی خواست ئەو سەردان و یەكتردیتنە ئەنجامێكی ئیجابی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت و ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە سەدەی بیستەم و هەروەها ئەوەشی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند، كە لەدوای 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت، كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا.

بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە، كە خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە، كە باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئاماژەشی بەوەدا، كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بین، كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون.

بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران “سودانی” هەبوو بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەشی دووپات كردەوە، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسیەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون، كە پێكهاتبوون لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

سەرۆك کۆماری عێراق پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجه کرد
پێت سەرۆك کۆماری عێراق پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجه کرد
گوندی بووکەڵەکان، ئەو گوندەی ٣٠ کەس و زیاتر لە ٤٠٠ بووکەڵەی تێدا دەژین
دوات گوندی بووکەڵەکان، ئەو گوندەی ٣٠ کەس و زیاتر لە ٤٠٠ بووکەڵەی تێدا دەژین
پەیوەندیدار