سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر پێویستی چالاککردن و خێراکردنی هەنگاوەکانی بوژاندنەوەی ڕەوشی ئابووری و خزمەتگوزاری پارێزگەی کەرکووک دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار لە بەغدا پێشوازی لە ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کرد.
نووسینگەی سەرۆک کۆمار بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی پارێزگای کەرکووک لەبوارەکانی ئاسایش و ئابوری و خزمەتگوزاری تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار گرنگیی کەرکووک و تایبەتمەندییەکەی و پێویستی بەهێزکردنی برایەتی و ئاشتی لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیدا دووپاتکردەوە.
د. لەتیف ڕەشید جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چالاککردن و خێراکردنی هەنگاوەکانی بوژاندنەوەی ڕەوشی ئابووری و خزمەتگوزاری لە کەرکووکدا، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییە ڕەواکانی کەرکوکییەکان لەبوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاری و گەشەپێداندا دووپاتکردەوە.
هەر لەو دیدارەدا پارێزگاری کەرکووک جەختیکردەوە، کە هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە.