ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی ١٢ دەکرێت



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) ئامادەکاری دەکات لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا:

کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی د.خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بە ئامادەبونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان و بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە زانکۆکان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شێواز و میکانزمەکانی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی کرا و لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون رایگەیاند، وەزارەت ئەخوازێ زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئەمساڵ بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆکانی ڕاسپارد ھەوڵ بدەن بەپێی توانای زانکۆکانیان بە پلانی وەرگرتندا بچنەوە، بەجۆرێک کورسی زیاتر لە بەشە زانستیەکان بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزە ئامادە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین ڕەشنوسی ڕێبەری وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) کرا، بۆ ئەوەش پێداچونەوە بە کەمترین کۆنمرەی بەشێک لە بەشە زانستیەکان کرا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە زانستە مرۆڤایەتیەکان، ئەوە جگە لە پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتن لە سیستمەکانی وەرگرتن بە ڕێگەی زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران، خوێندنی پیشەیی و، وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و یەکەمی بەشە زانستیەکان.

د.خەتاب ئەحمەد وتیشی، دوای گەیشتنی ناو و داتای دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ئایندەیەکی نزیکدا زانکۆلاین بەڕوی دەرچوانی پۆلی دوانزە کارا دەکرێت.

راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق
پێت راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق
تەیف سامی لە هەولێرەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
دوات تەیف سامی لە هەولێرەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پەیوەندیدار