سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لە میانی وتارێکیدا بۆ گەلی عێراق ڕایگەیاند” لە سەرەتای ساڵی 2025 هاوردەی بەنزین ڕادەگرین و لە سووتەمەنیدا گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی”.
ئێوارەی ئەمڕۆ 8ـی ئەیلوول، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەمیانی وتارێکیدا بۆ گەلی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت لە هەلومەرجێکدا پێکهێنرا کە تا ئێستاش کاریگەری نەبوونی دیدگایەکی یەکگرتوو و پلانی تۆکمەی درێژخایەنی پێوە دیارە، بەڵام لە هەوڵەکانمان نەوەستاوین بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز و پڕي لە خزمەتگوزاری.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە چەمکی حکومەتی خزمەتگوزاری و ئەولەویەتەکانیمان داڕشت لە ڕووبەڕووبوونەوەی بێکاری، هەژاری، خزمەتگوزاری، و جێبەجێکردنی ئیمتیازەکانی چاکسازی ئابووری، جگە لە گرنگترین فایل، کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، لەسەر بنەمای پاڵپشتی سیاسی لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 7 ملیۆن و نیو سەبەتە خۆراک لە مانگێکدا لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی کارتی بەشەخۆراکدا بۆ عێراقییەکان دابینکراوە، و زیاتر لە دوو ملیۆن خوێندکار لە سکۆلەرشیپی خوێندکاردا جێگیرکران، و هەڵمەتێکمان دەستپێکرد بۆ دابینکردنی باڵەخانەی قوتابخانە و 500 باڵەخانەی نوێ دروستکران و هەزارانیش نۆژەنکرانەوە.
وتیشی، لەڕێگەی چارەسەرکردنی بێکاری و ڕەخساندنی یەک ملیۆن هەلی کار کۆتاییمان بە کێشەی بەڵێندەر و بڕوانامەی پێشکەوتوو و دەرچووی یەکەم و مووچەی ڕۆژانە هێنا.
سودانی ڕاشیگەیاند، وەک حکومەت پاڵپشتی کەرتی تایبەتمان کرد بە تەرخانکردنی پڕۆژە (سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان)، هەنگاوێک کە هەزاران هەلی کار بۆ منداڵەکانمان بەرهەم دەهێنێت و لە ئێستاوە دەستی بە بەرهەمهێنانی کردووە.
لەبارەی سووتەمەنی و بەنزینەوە سودانی ڕایگەیاند، لە سووتەمەنیدا گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و دەستمانکردووە بە هەناردە، و بەرهەمهێنانی بەنزین بۆ 28 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، هاوردەکردنیش بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، و لە سەرەتای ساڵی 2025شدا دەوەستێت.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، بەکارهێنانی فرە ناسنامەییمان کەمکردەوە و ئێستا کارتی نیشتیمانی بۆ زیاتر لە 40 ملیۆن هاووڵاتی بەردەست کراوە، و سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیمان خستەگەڕ و هەموو ئەو پێداچوونەوەیانەی کە هاووڵاتیانی ماندوو کردبوو کەمکردەوە.