مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت کە خاوەندارێتی زەوی و بارەگای دەزگای چاودێر بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە و مەلا بەختیار لە ناو یەکێتیدا نەماوە.
ئەمڕۆ هەینی، ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: هەموو دەنگۆیەك سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر رەتدەكەینەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە کە خاوەندارێتی زەوی و بارەگای دەزگای چاودێر بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە و مەلا بەختیار لە ناو یەکێتیدا نەماوە
دەقی ڕونکردنەوەکە:
روونكردنەوەیەك لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر
دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نەماوەو روونبووەوە كە بارەگای دامەزراوەكە رادەستناكرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەكێتیدا درێژە بە كارەكانی بدات، یەكێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەكی هێمنانەو دوور لە هەموو جۆرە گرژییەك، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات كە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاكە دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی.
ئەم هەوڵەش نەك پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیكردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و فراوانكردنی سنوورەكانی دیموكراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.
سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كوردستانە و ناوەندی ئازادی رادەربڕین و چالاكی رۆشنبیرییەو ئەو شانازییەش بەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەوێ كەهەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە. ئەم هەوڵەی یەكێتیش درێژكراوەی هەوڵەكانی حزبەكەیە بۆ رێكخستنەوەی دەزگاكانی و باشتر خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەی. هەموو دەنگۆیەكیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاكە رەتدەكەینەوە.
بەداخەوە میدیای باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵی نەزۆكانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی كاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاكوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریكەكانی هەولێرو بادینان ئازادبكەن. سلێمانی پێویستی بە فرمێسكی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵكو ئێوەن دەبێت وانەكانی ئازادی و دیموكراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.