بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ستیڤ بيتنهر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد
لەدیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کرایەوە تاوەکو هاووڵاتییان سەربەستانە بەشداریی پرۆسەکە بکەن و ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی رەوتی دیموکراسی لە ناوچەکە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵک تاوتوێکران و بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، تێکەڵکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە ململانێ سیاسییەکان و بەکارهێنانی مووچە کە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییانە بۆ بەرژەوەندیی حزبی، کارێکی ناڕەوا بوو، بەخۆشحاڵییەوە توانیمان رێگریی لێبکەین و نەهێڵین جارێکیتر ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە ناوچەکە بافڵ وتی، پشتگیریی تەواوی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەکەین کە دامەزراوەیەکی گرنگ و هەستیاری وڵاتە و رێزی دەگرین، وەک چۆن پێویستە هەموولایەنەکان رێزی لێبگرن و بەربەست لەبەردەم کارەکانیان دروستنەکەن.
وتیشی، دەستوور بنەمای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانە و لە رووەشەوە کارەکانی دامەزراوەکە لەپێناو بەرژەوەندیی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان بووە و لە هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەریدا بووە.