بۆیەکەمجار گەنجێک لە هەولێر قورئان بۆسەر زمانی ئاماژە وەردەگێڕێت



خێرخوازێک ماوەی هەشت ساڵە لە مزگەوتی ئەحمەد دەرماناوەی شاری هەولێر، وتاری هەینی بۆ نابیستان وەردەگێڕێت، لە دواین کاریدا تەواوی قورئانی پیرۆزی بۆسەر زمانی ئاماژە وەرگێڕاوە.

ژیان بەبێ توانای بیستن کارێکی قورسە چونکە کەسی نابیست زۆر بە ئەستەم دەتوانێت گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ کۆمەڵگا ئەنجام بدات و فێری خوێندنەوە و نوسین ببێت، هەروەها حەز ناکەن لە کۆمەڵگا جیابکرێنەوە و دەیانەوێت وەک ھەر کەسێکی دیکەی ئاسایی سەیر بکرێن.

ئەوان بە زمانی ئاماژە دەدوێن، زمانی ئاماژە زمانێکی سرووشتی تەواوکەرە و نابیستان بە ئاسانی لەیەکتر حاڵی دەبن، بوونی قورئانێکی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ئاماژە، بووەتە خۆشحاڵی نابیستان و بە ھەنگاوێکی گرنگ لە ژیانیدا پێناسەی دەکەن.

خێرخوازێک ماوەی هەشت ساڵە لە مزگەوتی ئەحمەد دەرماناوەی شاری هەولێر، وتاری هەینی بۆ نابیستان وەردەگێڕێت، لە دواین کاریدا تەواوی قورئانی پیرۆزی بۆسەر زمانی ئاماژە وەرگێڕاوە و ئەمەش بووەتە هۆی دڵخۆشی نابیستان و وایکردووە بتوانن بە ئاسانی قورئان بخوێنن.

وەرگێڕانەکە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە، دواتر فەتوای لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە چینی نابیستان بدرێت قورئانەکە بخوێننەوە و خەتمی بکەن، هەروەها هەر سی بەشەکەی قورئانیش لە سێ بەرگدا کۆکراوەتەوە.

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا تەمەن ٤٦ ساڵ، دەرچووی بەشی شەریعەی سەر بە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدینە، چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی نابیستن و ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی خزمەت بەو توێژە بکات و جگە لە وتاری هەینی، پێشتریش بەپێی توانا و بەشێوەی ئاماژە ئایەتەکانی قورئانی بۆ وەرگێڕاون، بەڵام لە کۆتاییدا توانی تەواوی قورئانی پیرۆزیان بۆ وەربگێڕێت و هەزار دانەشی لێ چاپ بکات.

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا لەبارەی بیرۆکە و ئەنجامدانی پڕۆژەکەی ڕایگەیاند، “نزیکەی هەشت ساڵە گوتاری هەینی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر بۆ نابیستان وەردەگێڕم، لەم ماوەیەدا بیرمکردەوە کە ئەوانیش لە خوێندنەوەی قورئان بێبەش نەبن، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ دروست بوو کە تەواوی قورئان بۆسەر زمانی ئاماژە وەربگێڕم، بۆیەش ئەو ئەرکەم خستەسەر شانی خۆم کە نزیکەی دوو ساڵ سەرقاڵی ئەو کارە بووم و توانیم بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان ئەم قورئانە بخەمە بەردەستی نابیستان”.

لەبارەی هەنگاوەکانی سەرەتا و گرفتەکانی بەردەم وەرگێڕانەکە، مامۆستا عزەدین حامد مستەفا وتی: “کاتێک ویستم دەست بەکارەکەم بکەم و پلانم بۆی دادەنا، گەیشتمە ئەنجامێک کە لە ناو کۆمپیوتەردا لە پاڵ زمانەکانی دیکە، زمانی ئاماژە هەیە، ئەو ئاماژانەم لەسەر چەند ئایەتێک تاقیکردەوە، بینیم زۆر تەواوە، پاشان لەگەڵ هەندێک کەسی شارەزا هەماهەنگیم کرد و دەستم بە کارەکەم کرد، دواتر دوو لیژنەم پێکهێنا، یەکێکیان لە نابیستان و ئەوەی دیکە لە قورئانخوێنان بۆ ئەوەی بەراوردی وەرگێڕانەکە بکەن و پێداچوونەوەی بۆ بکەن، لە کۆتاییدا بە ماوەی دوو ساڵ کارەکانمان تەواو کرد”.

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا باسی لە قۆناغەکانی دوای تەواوبوونی وەرگێڕانەکە کرد و وتی: “دوای ئامادەکردنی قورئانەکە، ڕۆیشتمە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، دوای سەیرکردنی ناردیانە لیژنەی فەتوا، پاشان فەتوای ئەوەیان دەرکرد کە ئەم قورئانە بۆ چینی نابیستان تەواوە و نابیست دەتوانێت لە ڕێگای ئەم قورئانەوە خەتمی خۆی بکات، هەر بۆیەش فەتواکەم لەگەڵ قورئانەکەدا چاپ کردووە”.

بەهۆی وەرگێڕانەکەوە، کتێبەکە بۆ سێ هێندە زیادییکردووە، هەروەها نابیست بە ئاسانی دەتوانێت بیخوێنێتەوە و، لەمبارەیەوە مامۆستا عزەدین حامد مستەفا وتی: “بەهۆی ئەوەی قورئانەکە بۆ زمانی ئاماژە وەرگێڕدراوە، قەبارەکەی زیادیکردووە و بووەتە سێ بەرگ، هەر بەرگێک بریتییە لە ٦٠٠ لاپەڕە، لە ماوەی ئایندەدا دابەشی سەر نابیستانی دەکەین”.

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا وتیشی: “بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومە، لەسەر ئاستی جیهان یەکەم کەسم کە تەواوی قورئان بۆسەر زمانی ئاماژە وەربگێڕم، ڕەنگە لە وڵاتێک چەند سوڕەتێکی قورئانی پیرۆز هەبووبێت کە وەرگێڕدرابێت بەڵام کۆی گشتی قورئان نەبووە و ئەمە یەکەمجارە دەکەوێتە بەر دەستی نابیستان”.

لەبارەی چۆنیەتی و شێوازی دابەشکردنە سەر نابیستان، مامۆستا عزەدین حامد مستەفا وتی: “من هەزار دانەم چاپکردووە کە ئەوەندە لە توانام دا هەبووە، هاوکات ڕەنگە لەسەر ئاستی هەرێم زیاتر لە پێنج هەزار نابیست هەبێت، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵەی نابیستان لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی قسەم کردووە بۆ ئەوەی لە هەر شارێک بۆ نموونە ٢٥٠ نابیست بنێرن و لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا دابەشی بکەین بەڵام وەک سەیر دەکەین ژمارەی نابیستان زۆرە، سرووشتی نابیستانیش وایە کە دڵیان ناسکە، ئەگەر قورئانەکەیان بەرنەکەوێت ڕەنگە کاردانەوەیان هەبێت، بۆیە داوا دەکەم ئەگەر خێرخوازێک هەبێت چەند دانەیەکی زیاتر چاپ بکات و بیداتە نابیستان”.

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا، برایەک و دوو خوشکی نابیستی هەیە، براکەی خێزاندارە، خێزانەکەیشی نابیستە، هەر چوار نابیست لە خانوویەک دەژین و لەگەڵ بەدەستگەیشتنی قورئانەکە، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و دەستیان کرد بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک و ڕایانگەیاند کە ئەمە شتێکی نوێیە لە ژیانی ئەواندا و بەڵێنی ئەوەیاندا تا لە ژیاندابن خەریکی خەتمکردنی قورئانی پیرۆزبن.

بێخاڵ حامد مستەفا کە یەکەمجار بوو قورئانەکەی دەبینی، ئەو بە زمانی ئاماژە باس لەوە دەکات: “لە پێشووتردا بەهۆی ئەوەی نابیست بووین، لە قورئان دووربووین و نەماندەتوانی بیخوێنینەوە، بەڵام ئێستا دەتوانین قورئان بخوێنین، لەمەودوا بەشێوەیەکی ڕۆژانە لە خوێندنی بێبەش نابین، لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە تاوەکو لە ژیاندابم بەردەوام قورئان دەخوێنم و خەتمی قورئان دەکەم”.

هاوکات محێدین حامد مستەفا تەمەن ٤٨ ساڵ کە پیشەی بۆیاخچییە لەناوچەی پیشەسازی باشوور لە هەولێر، هەم بۆخۆی و هەم خێزانەکەی نابیستە، خاوەنی چوار منداڵی تەندروستن و منداڵەکانی ئاسایین و کێشەی بیستن و قسەکردنییان نیە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ ژمارەیەک نابیستی دیکە بڕێک پارەیان کۆ کردووەتەوە و یارمەتی براکەیان داوە بۆ ئەوەی قورئانەکە بە چاپ بگەیەنێت.

محێدین حامد مستەفا بە زمانی ئاماژە دەڵێت، “ئێمە وەک نابیستان کێشەی خوێندنەوە و تێگەیشتمان لە قورئان هەیە، بەڵام لە ئەمڕۆوە دەتوانین ئایەتەکانی قورئان بخوێنینەوە، ئێمە چەند نابیستێک بڕێک پارەمان کۆکردەوە بۆ بە چاپگەیاندنی ئەم قورئانە، خوا خێری هەموولایەک بنووسێت”.

محێدین حامد وتیشی: “من و خێزانەکەم نابیستین، یەکترمان زۆر خۆش دەوێت و لەسەر بنەمای ئەو قورئانە هاوسەرگیریمان کردووە، ئێستا دڵمان خۆشە کە دەتوانین قورئان بخوێنینەوە، بەڕاستی هەست بە ئاسوودەیی دەکەین”.

بەگوێرەی داتای یەکێتی جیھانیی نابیستان لەسەرتاسەری جیھاندا، ٧٢ ملیۆن نابیست ھەیە، سەدا ٨٠ی ئەو ژمارەیە لە وڵاتە ھەژارەکان دەژین و زیاتر لە ٣٠٠ زمانی ئاماژە بەکاردەھێنن.

لیژنەیەک بۆ مووچەی مانگی ئاب لەنێوان هەرێم و عێراق پێکهێنرا
پێت لیژنەیەک بۆ مووچەی مانگی ئاب لەنێوان هەرێم و عێراق پێکهێنرا
لەبارەی خانەنشینی پێشمەرگەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت
دوات لەبارەی خانەنشینی پێشمەرگەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت
پەیوەندیدار