بەپێی ڕاگەیانراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێتو لە دەوروبەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردووەتەوە، تاوەكو 4ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ وەبەرهێنانی كانزایی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكان بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكردووە.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، تاوەكو ئێستا 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سوودمەندبووە، لەسنووری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوەو 77 هەزار و 822 خێزان سوودمەند بووە، لەسنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 94 هەزار و 144 خێزان سوودمەند بووە، لەپارێزگای دهۆكیش 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 62 هەزار 288 خێزان سوودمەندبووە .
وەزارەتەكە دەڵێت، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەم نزیكانە لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت دەست دەكرێت بە دابەش كردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان .
دابەشكردنی نەوتی سپی لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هاووڵاتییان بە 103 هەزار و 500 دینارە و ئەو نرخەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێكەوتەوە، لەكاتێكدا لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە 30 هەزار دینار دابەشدەكرێت.