کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا ڕۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن بە بێ ترس لە چاوترساندن و جیاکاری و هەراسانکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولیر ڕایگەیاند، کیم سترۆڵۆ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری گشتیی کونسوڵخانە و مەیجەر تۆماس ستۆفەر لە نوسینگەی هەماهەنگیی ئاساییش لە کونسوڵخانە لەگەڵ لیوا عوسمان محمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆبوونەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە دەربارەی دەرفەتی کاری هاوبەش لە داهاتوودا و ڕێکانی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کونسوڵخانەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا ڕۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن بە بێ ترس لە چاوترساندن و جیاکاری و هەراسانکردن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی کوردستان.