دوای زیاتر لە دوو مانگ چاوەڕوانیی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینان و 11 دەستە دابەش دەکرێت.
بە پێی خشتەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق دابەش دەکرێت.
هاوکات مووچەی ئەم شوێنانەش دابەش دەکرێت: کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگەی مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دیوانی چاودێری دارایی.
بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکرێت و پاشان ئامادەکاریی بۆ مووچەی مانگی ئاب بکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئەم مانگە 120 هەزار مووچەخۆر، لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە مووچە وەردەگرن، کە 103 هەزاریان مووچەخۆری مەدەنی و 17 هەزاریان پێشمەرگەن.