سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی نان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، بەڵام پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی، كە وەك چالاكوانان دەڵێن: ناوەندە ئاینییەكان شوێنی دادگاكان دەگرنەوە و شەرعیەت دەدرێت لە بەشوودانی كچانی خوار 18 ساڵ.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەكانی ڕۆژی سێ شەممە 3ی ئەیلوولی بڵاوكردەوە، كە لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ دەستپێدەكات و تیایدا خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت.
بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، دەنگ لەسەر دوو پڕۆژە یاسا دەدرێت و خوێندنەوەی دووەمیش دەكرێت بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی و هاوكات خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ سێ پڕۆژە یاسا دەكرێت.
ئەم پڕۆژەیە زۆر خراپە و دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و ئاستەنگ دروست كردن لەبەردەم كاروباری دادگاكان و یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكان قورستر دەكات و مەرجەع و دیوانەكانی وەقفی شیعی و سوننی دەكاتە جێگرەوەی دادگاكان و هاوكات كێشەی گەورە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست دەكات و كێشەی گەورە دەخاتە نێوان هاوسەران لە بابەتی مەزهەب و هاوكات كێشەی گەورەی تەندروستی لێ دەكەوێتەوە بەتایبەت لە بەشوودانی كچانی تەمەن بچووك.
ئەم هەموارە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشكەشیان كردووە، لەلایەن هێزە مەدەنییەكانەوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتیی دروستكردووە و هەموارەكە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی رێگە بە هاوسەرگیری كچانی منداڵ دەدات.
لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە جاری سێیەمە لایەنە شیعەكان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراقی دەدەن.