پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدڕاڵ كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، نەوت و بەنزین بە نرخی پاڵپشتی كراو بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە بەغدا لەگـەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ کۆبووینەوە، گفتوگۆمانکرد لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بەنەوت و بەنزین لە هەرێمی کوردستان.
وتیشی، “سوپاسی وەزارەتی نەوتمان کرد لە پای هەماهەنگیان لەگەڵمان لە ساڵانی ڕابردو و دابینکردنی بەشێک لە پێوستی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئێمە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەمساڵیش جەختمانکردەوە لەوەی زستانێکی سارد لە ناوچە شاخاویەکان بەڕێوەیە، بۆیە داوامانکرد بڕی نەوتی سپی پێویست و بەنرخی پاڵپشتی کراو بۆ پارێزگاکانی کوردستان دابین بکرێت لە کاتی خۆیدا، دوای گفتوگۆیەکی زۆر بەڵێنی دا، کە هەردوو داواکاریمان بۆ نەوتی سپی و بەنزین بەنرخی پاڵپشتی کراو بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ داکۆکی لێ بکات بۆ پەسەندکردنی.
عێراق بەرمیلێك نەوت بە 30 هەزار دینار و لیترێك بەنزین بە 450 دینار دەدات بە هاووڵاتیان، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەو بڕە نەوتەی ناردی بۆ هەرێم بەرمیلی بە 50 هەزار دینار بوو، هاوكات لیترێك بەنزینی بە 650 دینار بە هەرێم دەدا و دوای ماوەیەك ئەو بەنزینەی ڕاگرت و نزیكەی ساڵێكە نەدراوە بە خەڵكی هەرێم.