ئێران ناڕەزایەتی نیشان دا لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەی كاریكاتێری عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران لە گۆڤاری چارلی ئیبدۆی فەڕەنسییدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند “لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەی كاریكاتێر لە دژی مەرجەعە ئایینی و سیاسییەكان وەڵامێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی ئەو سووكایەتیكردن و كردەوە شەڕانگێزییەی دەزگایەكی ڕاگەیاندنی فەڕەنسایی دەدرێتەوە”.
تاران بەهۆی بڵاوكردنەوەی كاریكاتێری “سوكایەتیكردن” بە رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر گۆڤاری فەڕەنسایی گاڵتەئامێز، چارلی ئیبدۆ نیشاندا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەیامێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند:”رێگە بە حكوومەتی فەڕەنسا نادەین سنوورەكانیان ببەزێنن. بە تەواوەتی رێگایەكی هەڵەیان هەڵبژارد”.
چارلی ئیبدۆ وەكو بەشێك لەو پێشبڕكێیەی كە مانگی رابردوو بۆ پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران دەستی پێكردبوو، كاریكاتێری لەسەر رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بڵاوكردبووەوە.
پێشتریش ئەم گۆڤارە فەڕەنساییە كاریكاتێری لەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كردبوو، كاردانەوەی تووندی ئەردۆغانی بەدواداهاتبوو.