كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی ئەو حزبە لە هولێر كۆتایی هات و لە ڕاگەیەنراوێكدا جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادی كردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێكەڵنەكردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تاوتوێی دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەكە كرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشكاویی یەكێتی سەبارەت بە راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە كوردستان كرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەتا ڕووناكی خستەسەر ڕەوشی سیاسیی كوردستان و عیراق و سیاسەتی یەكێتی لەبارەیانەوە، بەتایبەتیش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ڕوو لە گەشەكردووەكانمان لە ئاستی عیراق و هەرێم و نێودەوڵەتیدا كە بۆتە مایەی دەسكەوتی گرنگ بۆ گەلەكەمان.
سەرۆكی یەكێتیی ڕوونیكردەوە، “سەركەوتنی یەكێتییەكەمان و گەلی كوردستان، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێكەوەژیان و خزمەتگوزاری ئاوەدانی كەركوك و بەشداری و شەراكەتمان لە ئیدارەی موسڵ سەركەوتنێكی گەورەیە، كە دەبێ كارێك بكەین ئەم رۆحی سەركەوتنە سەرتاسەری كوردستان و عیراق بگرێتەوە”. هەروەك جەختی كردەوە، ئەم سەركەوتنانە بەرهەمی یەكبڕیاری و یەكڕیزیمانە، پێویستە بە قازانجی گەلەكەمان و چاككردنی ژیان و گوزەرانیان بیخەینەگەڕ.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “بافڵ تاڵەبانی موژدەی بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دا كە سیاسەتی ڕاستكردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی دەربەست بكەینە واقیعی بەرجەستە”.
كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەروا گفتوگۆی وردی دۆخی ئێستای كوردستانی كرد، بەتایبەتی دواكەوتنی مووچە كە كاریگەری زۆری كردۆتەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان. كۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادی كردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێكەڵنەكردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی لە هەولێر بەرێوەچوو، جەختی لە دابینكردنی كەشوهەوایەكی هێمن و مەدەنیانە كردەوە بۆ هەڵبژاردن كە هەموو لایەك بتوانێت بەرنامە و پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە.
لەم بارەیەوە كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆی بۆ گیانی بەرزی یەكێتییانەی هاووڵاتیان لە هەولێر و لە هەموو كوردستان دەربڕی كە وەك هەمیشە ژیرانە و بەجۆش و خرۆشی حزبەكەی سەرۆك مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموكراتییە بەرپا دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە قۆرخكاری دەسەڵات و نوێكردنەوەی حوكمڕانی كە لەبەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكدا بێت بەبێ جیاوازی. ئاماژەشی بەوەكرد كە یەكێتی چاوی لە ململانێیەكی دیموكراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەكانی یەكێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێ.