بەڕێوەبەرای پسوڵەی خۆراکی سلێمانی لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی تۆماری نوێ بۆ بەشەخۆراکی مانگانە ڕایگەیاند، “تا ئێستا دیاری نەکراوە”.
ئاراس محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرای پسوڵەی خۆراکی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “تۆمارکردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراکی مانگانە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە”.
ئاماژەی بەوەکرد، تۆمارکردنی ناوی نوێ لە سلێمانی ساڵێک و هەشت مانگە ڕاگیراوە، چاوەڕوانی بەغدا دەکەین، تا ئێستاش لەوبارەیەوە هیچ نووسراو یان بڕیارێکی فەرمی نەداوە.
بەڕێوەبەرای پسوڵەی خۆراکی سلێمانی ڕاشیگەیاند، کێشەیەک هەبوو لەنێوان بەغدا و هەرێم کە بووە هۆی ڕاگرتنی تۆمارکردنی ناوی نوێ، تۆمارکردنی ناوی نوێ دەستپێدەکاتەوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە، پڕۆسەکەش هەڕەمەکی نییە، دراوە بە کۆمپانیا و دەبێت بێتە سلێمانی کارەکانی بکات.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشەخۆراک وەردەگرن، دوو ملیۆن و ٧٧٤ هەزار و ١٢٩ کەسن، ساڵانە پێنج بۆ هەشت هەزار ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراک تۆماردەکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ڕێنماییەکی حکومەتی عێراق نزیکەی ساڵێک و ٨ مانگە ناوی هیچ هاووڵاتییەکی بۆ بەشەخۆراکی مانگانە زیاد نەکردووە.
بەگوێرەى بڕیارى وەزارەتی بارزگانیی عێراق، لەسەرتاسەرى وڵاتدا فۆڕمی بەشە خۆراك بە ئەلیکترۆنى دەکرێت و بودجەی پرۆژەکە بە هاوكاریی رێكخراوی خۆراكی جیهانی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان دابیندەكرێت، لە نیسانى 2023 ئەسیر غەریرى، وەزیرى بازرگانى عێراق دەستپێکردنى پرۆژەکەى راگەیاندبوو.