بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی مانگی ئابی ئەمساڵدا 15 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداربوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئابی 2024دا، 15 کۆڵبەری کورد کوژراو و برینداربوون، کە ٪85یان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنووری ئێران بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو 15 کۆڵبەرە چواریان کوژراون و 11یان برینداربوون، کۆڵبەرە کوژراوەکان خەڵکی مەریوان، رەبەت، مهاباد و سەردەشت بوون، سیانیان بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارەکان و دانەیەکیشیان بەهۆی کەوتنەوەخوارەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوانەشی برینداربوون 10 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنوور بریندارکراون و سێ کەسی دیکەیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی برینداربوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوزدا بڵاوکراونەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بە گشتی 270 کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئورومیە، سنە و کرماشان بە هۆی تەقەی راستەوخۆ و بەفربارین و بەستەڵەک، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزی و حاڵەتەکانی دیکە کوژراون و برینداربوون.
لەو ژمارەیە 34 کۆڵبەر کوژراون و 236 کۆڵبەری دیکە برینداربوون 82%یان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراون، 20 کۆڵبەریان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
ئامارەکانی کوشتنی کۆڵبەرەکان بەپێی پارێزگاکان:
پارێزگای کرماشان (کرماشان): هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە
پارێزگای کوردستان (سنە): 13 حاڵەت لەنێویاندا (3 کوژراو و 10 بریندار)
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئورومیە): 2 حاڵەت (1 کوژراو و 1 بریندار)