وەزارەتی دارایی عێراق وادەی خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دوورن لە ڕاستییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، بێ گرفت مووچە دابەشدەکرێت، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن بەشی ژمێریاری وەزارەتەوە دەست بە خەرجکردنی بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگ دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، دیار نییە کەی مووچەکانی مانگی تەمموز و ئاب دابەشدەکرێت.