ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی عێراق دڵنیاییان پێداین كە بەم نزیكانە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم خەرجدەكەن كە زیاتر لە 500 ملیار دینارە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامیی بەدواداچوونەكان بۆ مافی جووتیارانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە دواكەوتنی شایستە داراییەكانی گەنمی ئەمساڵ، دوای پەیوەندییكردن بە هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی عێراق دڵنیاییان پێداین كە بەم نزیكانە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم خەرجدەكەن كە زیاتر لە 500 ملیار دینارە.
دەشڵێت:”جگە لە هەرێمی كوردستان لە چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دواكەوتووە، ئەوەش بەهۆی كەمیی پارەی تەرخانكراو بۆ كڕینی گەنم لە بودجەی ئەمساڵ و زیادكردنی بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆكان لەسەروو ئەو بڕەی پێشتر لە پلانی وەزارەتی بازرگانی دیاریكرابوو بەمەبەستی پشتگیریی زیاتری جووتیاران و بەرهەمی خۆماڵی”.
راشیگەیاند،بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی داوای زیادكردنی تەرخانكراوی دارایی كردووە پشتبەست بە ماددەی 60ی یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی ژمارە 13ی ساڵەكانی 2023 ، 2024 و 2025 كە دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی وەزیران بە زیادكردنی تەرخانكراوی دارایی بۆ چەند بڕگەیەكی خەرجیی گرنگ لە نێویشیاندا كڕینی دانەوێڵە”.