حاکم قادر: پێویستە بەغدا و ھەرێم بۆ پرسی مووچە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بن



حاکم قادر: پێویستە بەغدا و ھەرێم بۆ پرسی مووچە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بن خەباتمان بۆ ئازادی و سەربەستی کرد نەک پێشێلکردن و شکستی سیاسی و ئابوری، خەبات و تێکۆشانمان بۆ ئازادی و سەربەستی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان و سەروەری یاسا بووە، نەک پێشێلکردن و دەستێوەردان و شکستی سیاسی و ئابووری، دەشڵێت، پێویستە بەغدا و ھەرێم بۆ پرسی مووچە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیبن.

حاكم قادر حەمەجان لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی کۆبووەوە و باسی لە ڕۆڵی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند، پێشمەرگە ناوێکی پیرۆز و درەوشاوەی خەبات و تێکۆشان، شۆڕشگێڕی و بەرخودان بووە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، بە گشتی ڕۆڵی پێشمەرگە لە خەباتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی، بە تایبەت لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بە ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕوانشاد مام جەلال گەشاوە بووە.

حاکم قادر ڕایگەیاند، دەستکەوتەکان بەری ڕەنج و قوربانی، شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت و گەشەی پێبدرێت بەمەبەستی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، ئەوەش تەنها بە یەکڕیزی گەلەکەمان دەکرێت، نەک بەم پەرتەوازەییەی کە ئێستا ھەیە، کە ئەنجامەکەی لەدەستدانی دەستکەوتەکان و شکستی سیاسی و ئابوری و لاوازكردن و پەكخستنی پرسی دۆزی گەلەکەمانە لەم قۆناغەدا.

هەر لەو دیدارەدا حاکم قادر بیری هەموانی هێنایەوە، کە ئەوان وەک پێشمەرگە تێکۆشەر و گیانفیداکانی یەکێتی، هەمیشە خەباتیان بۆ ئەوە کردووە گەلی کوردستان ئازاد و سەربەست بێت و بگات بە ئامانجەکانی کە خۆی لە مافی چارەنوسدا دەبینێتەوە.

حاکم قادر وتیشی، خەباتمان بۆ ئازادی و بیرو دیدی جیاواز و چەسپاندنی ئازادییە دیموکراتییەکان و فراوانکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەر بووە، تێکۆشانمان بۆ هێنانەدی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و سەربەخۆی دەسەڵاتەکان بووە نەک پێشێلکردن و دەستێوەردان. وتیشی، سەرەڕایی ھەبونی ململانێی سیاسی و بیری جیاوازی نێوان لایەنە سیاسیەكان، دژی دابەشكردنی كۆمەڵگەی كوردستانین، چونكە مێژوو بەرچاوڕوونیكردووین پێشتر چی كارەساتێكی بەسەر میلەتەكەماندا ھێناوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە هەڵبژاردنێکی دوور لە دەستێوەردان کردەوە و ڕایگەیاند پێویستە سەرجەم لایەنەکان کار بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دیموکراتی بکەن، چونکە بە بێ هەڵبژاردنێکی دیموکراتی، هێندەی دیکە متمانەی دامەزراوەکانی هەرێم دەکەونە ژێر پرسیارەوە و لەھەمانكاتدا دەبێت ئەوەشمان بیربێت كە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ بۆچونی گەل، ھەر گەلیش سەرچاوەی دەسەڵاتە.

حاکم قادر باسی لە دۆسییەی مووچە کرد و ڕایگەیاند، بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا ناردنی مووچە ڕابگیرێت، بەڵام بەداخەوە بەغدا پابەندی بڕیارەکان نەبووە و ناشبێت هەرێم هیچ بیانووەیەک بدات بە بەغدا تا مووچەی فەرمانبەران دوابخات. لە کۆتایی قسەکانیدا حاکم قادر وتی ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاریدایە، پێویستە بەرچاوڕوونیمان هەبێت و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، لەسەر بنەمایی یەکڕیزی گەل نەک پەرتەوازەیی، چونکە ئێمە لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات و فرەیدا خاوەنی پرس و دۆزی گەلەکەمانین.

عێراق بڕیاری ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێتی دا
پێت عێراق بڕیاری ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێتی دا
مەسرور بارزانی واژۆی دامەزراندنی وانەبێژانی کرد
دوات مەسرور بارزانی واژۆی دامەزراندنی وانەبێژانی کرد
پەیوەندیدار