بەیاننامەیەک لە دووەمین دیداری گوڵەخانە



دوای بەڕێوەچوونی دووەمین دیداری گوڵەخانە لە گوندی گوڵەخانە، تێیدا چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک ئامادەکرا پێشکەش بە حکومەتی هەرێم و بەغدا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت.

دەقی بەلاغی کۆتایی دووەمین دیداری گوڵەخانە

کاتژمێر ۱٠ـی سەرلەبەیانی ٢٤ی ئابی ۲٠۲٤ لە هۆڵی ئاشتی لە گوندی گوڵەخانەی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، دووەمین دیداری گوڵەخانە لەژێر دروشمی ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەیی ئیدارەی هەرێم، بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان لە (ئەکادیمی و ڕۆشنبیران و کەسایەتی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ و سیاسی و کەسانی نیشتمان پەروەر و نەتەوەیی کورد) سازکرا.

دیدارکە، بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بە مارشی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد، دواتر زنجیرەیەک پانێڵ و گفتوگۆی زانستی و ئەکادیمی لە بارەی ڕەوشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەڕووی یاسایی، کارگێڕی، سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، کەلتوری و پێکەوەژیان، پێشکەشکرا.

دیداری گوڵەخانە، بەخوێندنەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لە جیهان و ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت و پاڵپشت بەو پانێڵ و گفتوگۆ و بۆچوونانەی ئەمڕۆ پێشکەشکران، گەڵاڵەی چەند ڕاسپاردەیەک کرد بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: دیداری گوڵەخانە پێشنیاز دەکات بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی باڵای حزبە سیاسییەکان، بۆ چارەسەری گرفت و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

دووەم: بڕیادرا بە ئامادەکردنی پەیامێک بۆ حکومەتی هەرێم و بەغداد و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەلێر و بەغداد لەڕووی یاسایی و جوگرافی و ئابوری و ئیدارییەوە.

سێیەم: ئامادەکردنی شاندێک بۆ سەردانی هەریەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی پەیامی دیداری گوڵەخانە.

چوارەم: دیدار داوا دەکات، هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا بە میکانیزمێکی نیشتمانی پێکەوە بەشداری بکەن بەشێوەیەک هیچ دەنگێکی کورد لەو ناوچانە نەفەوتێت.

پێنجەم: بۆپاراستنی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی، داوادەکەین هەموو میدیا کوردستان بە هەموو کەناڵەکانییەوە لەسەر پاراستنی شوناس و مێژووی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی هەرێم یەکگوتاربن.

شەشەم: جەختکردنەوە لەسەر پتەوترکردنی پرانسیپەکانی پێکەوەژیان و گیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیی و ئاینزاو کەمە نەتەوەکان لەو ناوچانە.

حەوتەم: داوادەکەین تێکڕای نوێنەرانی کوردستان لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیەک تیم و بێجیاوازی فکری کار بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بکەن، بەتایبەت بۆ دەستەبەری ماف و داخوازییەکانی هاووڵاتی کورد وەک سەروەری خاک و مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی وەک بودجە و موچە.

هەشتەم: دیداری گوڵەخانە، جەخت دەکاتەوە بۆ ساڵانی ئایندە بە پرۆژە وپاکێجی جیاوازترەوە بەردەوام بێت بۆ خزمەت بە کورد و هەرێمی کوردستان.

۲٤ـی ئابی ۲٠۲٤

 

بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف و لە کەشێکی ئارام بەڕێوە بچێت
پێت بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف و لە کەشێکی ئارام بەڕێوە بچێت
نیوزلاند، ئەو وڵاتەی “مەڕ” زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانەکەی
دوات نیوزلاند، ئەو وڵاتەی “مەڕ” زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانەکەی
پەیوەندیدار