ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی حەوت خەرج بکرێت و لە هەفتەی داهاتووشدا مووچەی مانگی ئابی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەی مانگی حەوت خەرج نەکراوە، چونکە خراوەتە بری ئەو پارە زیادانەی كە لە مووچەی مانگەكانی پێشوو بۆ هەرێم نێردراوە.
دەشڵێت:”وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە، حکومەتی هەرێم پەیوەست نەبووە بە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵی و، حکومەتی هەرێمیش باس لەوەدەکات هیچ کێشەیەک لەلای ئەوانەوە بوونی نییە، ئەو بابەتەش دەبێت دیوانی چاودێری عێراق و هەرێمی کوردستان یەکلاییبکاتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە کە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب بۆ هەرێم نێردراوە.
دەشڵێت:”چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی حەوت خەرج بکرێت و لە هەفتەی داهاتووشدا مووچەی مانگی ئابی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت”.