وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەپشت بڕیاری ڕاگرتنی مووچە، ئیرادەیەكی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی گرفت ببێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی دامەزراوە مەدەنیی و ئەمنییەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکردبوو و ئینجا بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی نارد، هەروەها لێژنەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی وردبینییان بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆران کردووە.
وتیشی، “تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە، کە مووچەی لەسە ڕابگیرێت، بەڵام لە پشت ڕاگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە، کە دەیەوێت هەرێم تووشی کێشە ببێت، بە تایبەتی ئێستە کە پرۆسەی هەڵبژاردنمان لەپێشە”.
جەختی لەوەشکردەوە، دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە و دەشڵێت: “بەداخەوە بە بیانووی جیاواز جارێك دەڵێن لیستی مووچە مەدەنی و جارێك ئەمنی و جارێك پێشمەرگە كێشەی هەیە، ئەمانە هەمووی بیانوون و هیوادارین بگەڕێنەوە رێگەی راست و چیدیكە مووچە دوانەخرێت و مووچە دژی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێندرێت”.
رێبەر ئەحمەد، سەبارەت بە هەڵبژاردن وتی، “هەر لایەنێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن چەك دابەشبكات و هەركەس وەریبگرێت، ئەو چەكە وەكو نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دەستی بەسەردا دەگیردرێت”.
روونیشیكردەوە، بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن پلانی ئەمنی رۆژی هەڵبژاردن دادەڕێژن، پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوەبچێت و كاندیدەكان پارێزراوبن بەتایبەتی ژنان.