هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماری ٦ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی بروسكی جزیرەیان بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنن، كە لەو ماوەیەدا نزیكەی 140 چەكدار دەستگیركراون.
قەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە، كە لە ڕۆژی ٢٩ی كانوونی یەكەم ئۆپەراسیۆنی بروسكی جزیر لەدژی چەتەكانی داعش دەستپێكرد و لە ماوەی ٦ ڕۆژدا ١٣٩ چەكداری داعش دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەش لە گومانلێكراوەكان بەردەوامە.
دەقی ئامارەكە :
ئاماری ٦ رۆژی ئۆپەراسیۆنی بروسكی جزیر، كە لەلایەن قەسەدەوە بڵاوكرایەوە؛
* لە ڕۆژی ١هەمدا ئۆپەراسیۆنی بروسكی جزیر دا لە ناوچەكانی هۆل و تل حەمیس دا، ٥٢ چەتەی داعش دەستگیركران.
* لە ڕۆژی ٢هەمدا هێزەكانی ئۆپەراسیۆن لە ٩ قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنێكیان دەستپێكرد و ئەو چەتانە، كە هەوڵی ڕاكردنیان دەدا، خۆیان بەدەستەوە دا.
* لە ڕۆژی ٣هەمدا هێزەكانی ئۆپەراسیۆن ٣٢ چەتەیان لە گوندەكانی ڕۆژئاوای تل حەمیس دەستگیركرد.
* هێزەكانی ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٤هەمدا ٤٠ چەتەیان دەستگیركرد، كە ئەو چەتانەیان لە ناودایە، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەكانیان بەڕێوەدەبرد و دەستیان هەبووە لە چەكداركردنی چەتەكان دا، هەروەها لە ڕووی لۆجستی و تەقەمەنییەوە چەتەكانیان دابین دەكرد.
* لە ڕۆژی ٥هەمیندا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین لە گوندی سمێها لە ڕۆژئاوای تل بەراك و گوندی ئەتە لە ڕۆژئاوای شارۆچكەكە، ٣ كەس بە گومانی پشتگیریی لۆجستی بۆ چەتەكانی داعش دەستگیركراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. هێزەكانی ئۆپەراسیۆن لە شارۆچكەی هۆلیش دا چوونە سەر شوێنی خۆشاردنەوە و ئەو ماڵانە، كە چەتەكانی داعش و هاوكارەكانیان تیایدا حەشار دەدران. لە ئەنجامدا ١١ چەتە و گومانلێكراو دەستگیركراون.
* لە ڕۆژی ٦هەمدا، ڕووبەری ئۆپەراسیۆنەكە بەرفراوانتر بوو و ناوچەكانی سنووری سوریا و عێراقیشی گرتەوە. لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٦٣ كیلۆمەتر لە گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی هۆل لەلایەن هێزەكانی ئۆپەراسیۆنەوە پاككرایەوە. هێزەكانی ئۆپەراسیۆن هەڵیانكوتایە سەر بنكە و بارەگاكان و ٣ كەس دەستگیركران، كە گومانیان لێدەكرا پەیوەندییان بە چەتەكانی داعشەوە هەبێت.
هەروەها چوار كەس بەتۆمەتی تاوانەكانیان وەك ڕفاندن و تاڵانكردن و هەڕەشەكردن لەدانیشتوانی ناوچەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی حەسەكە دەستگیركران. ئەو كەسانە لە ناوچەی هۆل خۆیان حەشاردابوو.
ئۆپەراسیۆنەكە بە وریایی و هەستیارییەوە لە ڕۆژی ٧هەمدا بەردەوامە.