حكومەتی هەرێم بۆ هەرزان كردنی بەنزین زانیاری دەخاتەڕوو



لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی گەرما و پشووی هاوین و هاتنی گەشتیاران، ڕۆژ بەڕۆژ نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و لە ئێستادا سەرباری بێ‌ مووچەیی، بەڵام لەماوەی ئەم مانگەدا هەر لیترێك بەنزین نزیكەی 100 دینار بە بەهاكەی گران بووە، بەڵام لە ناوچەكانی عێراق نرخی بەنزین جێگیرە و وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: وەك عێراق ناتوانین پارە بۆ پاڵپشتی نرخی بەنزین دابین بكەین.

تەرزە تەها، پەیامنێری (خەڵك) لە سلێمانی ڕایگەیاند، ماوەی چەند هەفتەیەکە، هەفتە لەدوای هەفتە نرخی بەنزین بەرزتردەبێتەوە و لەدوایین بەرزبوونەوەشدا 50 دینار چووەتەسەر هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و هەفتەی پێشووتریش بڕی 25 دیناری چۆتەسەر.

ڕاشیگەیاند، ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 925 دینار و بەنزینی موحەسەن بە هەزار و 125 دینار و بەنزینی سۆپەریش بەرامبەر هەزار و 275 دینارە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەنزینی پاڵپشتیكراو بە نرخی حكومی عێراق ماوەی ساڵێكە لە سلێمانی نەماوە و ماوەی نزیكەی دوو مانگیشە مووچە نەدراوە و ئەم نرخەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە.

لای خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەغدا بۆ هەر لیترێک بەنزین بڕی 200 بۆ 300 دینار دەداتە خەڵک، بەڵام ئێمە توانامان نییە ئەو پارەیە بۆ هەر لیترێک بەنزین دابین بکەین.

هاوكات، حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە “بەرهەمهێنانی ئێستای بەنزین و نەوتی سپی نزیکەی 30 ملیۆن لیترە لە ڕۆژێکدا، سەرەڕای ئەو زیادبوونەی، کە لە دوو مانگی ڕابردوودا لەگەڵ گازوایل بۆ مۆلیدە تایبەتەکان بەدەستهاتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوو ساڵ لەمەوبەر ڕێژەی بەکارهێنان و هاوردەکردنی نەوتی سپی گەیشتە 50% و پاش دەستبەکاربوونی سودانی، هاوردەکردنی نەوتی سپی بۆ سفر دابەزیوە و هاوردەكردنی بەنزینیش لە 50% وە بۆ 25% کەمیکردووە.

ڕاشیگەیاند “ئەم ڕێژەیە بەهۆی بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی کەربەلا و فراوانکردنی پاڵاوگەکانی دۆرە، حەدیسە و بەسرە و گەڕانەوەی پاڵاوگەی بێجی بۆ بەرهەمهێنان بەدەستهاتووە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە جگە لە چەندین پاڵێوگەی نافەرمی، لە هەرێمی كوردستان سێ‌ پاڵێوگەی گەورەی فەرمی (كار و قەیوان و لاناز) بوونیان هەیە و بەنزین دەخەنە بازاڕەوە و هاوكات لە دەروازە سنوورییەكانیشەوە بڕێكی زۆر بەنزین داخڵی هەرێم دەكرێت، بەڵام نرخی بەنزین بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی حكومییەوە بەرزە و دانابەزێت.

 

چاودێری دارایی عێراق هەڵوێستی لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند
پێت چاودێری دارایی عێراق هەڵوێستی لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند
وانەبێژانی هەولێر داوایەک لە مەسرور بارزانی دەکەن
دوات وانەبێژانی هەولێر داوایەک لە مەسرور بارزانی دەکەن
پەیوەنیدر