لە دابەشنەكردنی مووچە حكومەتی عێراق بەرپرسیارە یان هەرێم؟



دوای 50 ڕۆژ لە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئوباڵی دواکەوتنەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و دەڵێت،” هیچ پاساوێک نەماوە بۆ نەناردنی مووچە” و بە پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە ناو دەبات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق هۆکارەکە بۆ پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم دەگەڕێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت،” هەرێم هیچ هەنگاوێک نانێت و نایەوێت مووچە بکەوێتە سەر سکەی خۆی تا ئەم کێشەیە بەکۆتابێت.”

ئەمڕۆ یەک شەممە 25ی مانگی هەشتی 2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند،” هیچ موبەڕڕێک نیە بە ئێمە بڵێن ئەمە هەڵەی ئێوەیە لەم پرسەدا کە بووەتە هۆی نەناردنی مووچە، نەخێر شتی وانیە، هەموو داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە جێبەجێکراون، بە هۆکاری نەڕەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان گەشتووەتە ئەم دۆخەکە 50 ڕۆژە مووچەکەیان بە دیل گیراوە”.

لای خۆشیەوە، دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،” حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی نایەوێت مووچە بکەوێتە سەر سکەی خۆی و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبێت، ئەو پێیوایە دەبێت مووچە لە پێش دەستی خۆیدا بێت و کەی ویستی خەرجی بکات و کەی ویستی پاشەکەوتی بکات و کەی ویستی لێبڕین بکات و کەی ویستی خەرجی نەکات.”

وتیشی، “ئەگەر مووچە تەوتین بکرێت ئەو کاتە مووچە لە 100% گەرەنتی دەبێت و مانگانە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران، هەرێمیش پێوایە دەبێت مووچە لە دەستی خۆیدا بێت و مانگانە وەک خێر و سەدەقە بیدات بەو خەڵکە، کە لە پای ئەرک و ماف و شەو نخوونی خۆیان دەبێت وەریبگرن.”

ڕۆژی 21ی مانگی شوبات-ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا دەڵێت،” دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت”. بۆیە تا ئێستا پرۆسەی (هەژماری من) بەردەوامە و هیچ هەنگاوێک نەناراوە بۆ (تەوتین) کە حکومەتی فیدراڵ داوای دەکات و خاڵێکی گرفتەکانە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، “هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێم، ئەوەنیە 30 هەزار کەس لە لیستی مووچەدا زیادکردابێت، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە دیسان دەیگەڕێنێتەوە بۆ پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە، ئەمە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هیچ موبەڕڕێکی مەعقول بە دەست ئەوانەوە نیە، کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و بەداخەوە ئەمە پێچەوانەی دەستووری عێراق و پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیە.”

وتیشی،” ئێوە ئاگادارن دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاند، کە لە هیچ دۆخێکدا نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی پرسە سیاسیەکان بکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە دیل بگیرێت و خەڵکی برسی بکرێت، ئەمە بیانوو گرتنێکی ناڕەوایە و پێچەوانەی دەستوورە و پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤە و هەموو ئەخلاقێکی سیاسی و ڕێکەوتنە سیاسیەکانە.”

دارا سێکانیانی، ڕاشیگەیاند،”کێشەی نەناردنی مووچە ئەتوانم بڵێم زۆر ڕوونە ئەویش بە هۆی ئەوەوەیە خۆمان دەزانین، مووچە دوو پاڵپشتی بەهێزی هەبوو یەکەمیان مەسەلەی بابەتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیە و دووەمیان یاسای بودجە، کە دەنگی لەسەر دراوە لە ململانێ ڕزگاری بوو، بەڵام کۆمەڵی ڕێکاری کارگێڕی و ئیداری هەیە، کە پێویستە بگیرێنە بەر، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ جێبەجێی بکات، کەچی بە داخەوە ئەتوانم بڵێم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی کەمتەرخەم بووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەکو پێویست تەفسیری بۆ نەکرد و مامەڵەی لەگەڵ نەکرد.”

وتیشی، ” لە 21ی 2ی 2024 ەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچە دەرچووە، کەچی ئەمڕۆ کە 25ی مانگی هەشتە، تا ئێستا پرۆسەی تەوتین نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی ئامادەنەبوو بیکات، بڕگەی دووەم بریتی بوو لە ڕادەستکردنی لیست و داتا و زانیاری ئەویش بەڕاستی وەکو پێویست هەر ئامادەنەبوو و هەرجارە و بەشێوازیک بوو و پڕ لە هەڵە و کەم و کوڕی و هەر جارە و بەشێوازێکی جیاواز، سێیەمیشان وەکو پێویست ئەتوانم بڵێم داهاتی ڕادەست نەکردووە.”

ئەو ئەندامە کوردە باسی لەوەشکرد، ڕاستە بەغدا پابەندکراوە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێری و ئیداری و دارایی هەیە پێویستە هەردوولا بیگرنە بەر. دەشڵێت: ” من پێم پیوایە پشکی زۆری کەمتەرخەمیەکە لە نەناردنی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارە دا دەکات، کە بریتیە لە قووتی خەڵک و بژێوی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.”

 

یاداشتی لێکتێگەشتن لەنێوان هەرێم و ئوردن واژۆ کرا
پێت یاداشتی لێکتێگەشتن لەنێوان هەرێم و ئوردن واژۆ کرا
ڕاویژكارێكی سودانی: چاوەڕێی هەرزانبوونی دۆلار بكەن
دوات ڕاویژكارێكی سودانی: چاوەڕێی هەرزانبوونی دۆلار بكەن
پەیوەنیدر