پەرلەمانتارێک ڕاگرتنی هاوردەی بەرهەمی شوتی و کاڵەک رادەگەیەنێت و دەڵێت”نرخی تەماتە بەم زوانە هەرزان دەبێت”.
د.بڕیار ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە کارمان لەسەر ئەو بانگەوازانە کرد، کە کۆمەڵێک جوتیاری کورد ئاڕاستەیان کردبووین، و هەوڵەکانمان گەیشت بەئەنجـام.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای بانگهێشتکردنی وەفدێکی وەزارەتی کوشتوکاڵ و گەڕانەوەیان داوامان لەوەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد کە هاوردەی بەرهەمی شوتی و کاڵەک ڕابگرێت، و لە ٢٠ ی ٨ وە وەزیری کشتوکاڵی عێراق نوسراوی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (ئەنجومەنی ئابوری) کردوەو تیایدا داوای رێگری کردن لە هاوردە کردنی بەرهەمەکانی ( شوتی و کاڵەک ) دەکات.
ڕوونیشیکردەوە جگە لەو دوو بەرهەمە بڕیار وایە لە مانگی ٩ هەمان داواکاری بۆ خەیارو تەماتەش بکرێت، و بەمەش جوتیاران دوچاری هیچ زیانێک نابن.
د.بڕیار جەختیش دەکاتەوە چاودێر ئەبن بۆ ئەوەی نرخەکان لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەکرێت، و وەک فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ ڕێکخستنی نرخ و پابەندکردنی جوتیارانیش بەو نرخانەوە.
سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی تەماتە ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕایگەیاند، لەگەڵ نوێنەری جوتیاران و لیژنەکانی قایمقامیەت و لایەنی پەیوەندیدار لە پەیوەندیداین، بڕیار وایە لە ڕۆژەکانی داهاتوو لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان نرخەکەی دابەزێت.