بۆچی کۆڵبەران لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکوژرێن؟



بەپێی ڕاپۆرتەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆڵبەرێک بە گولـلەی هێزە ئاسایشییەکانی سەر سنووری هەرێمی کوردستان کوژرا.

ئەمە جاری یەکەم و دووەم و سێیەم نییە کۆڵبەر بە گولـلەی هێزەکانی سەر سنوور بکوژرێت بەڵکو بە دەیان حاڵەتی وەها لەسەر ئەو سنوورە ڕوویانداوە, ئەم کۆڵبەرانە کە چەندین جار فیلم و دۆکۆمێنتاری و هەواڵیان لەسەر کراوە، دەڵێن ئەگەر باری خراپی ئابوری و سەختی ژیان و ناچاری نەبێت هەرگیز ژیانی خۆیان ناخەنە بەر ئەو مەترسییە.

مامۆستا مەلیک، ئەندامێکی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کوژرا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، شوێنی گولە‌کە کە دراوە بە کۆچکردوو (ئارام) شوێنێکی مەترسیداری بووە بۆیە گیانی سپاردووە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا کۆمەڵێک خەڵکی دڵگەرم چوونە سەر بارەگای پاسەوانانی سنور لە سیپە پشتی دەرەی مەڕ کە ویستیان بارەگاکە بسوتێنن، بەڵام ئێمە خەڵکی هەورامان کە نە دوژمندارین و نەعەشرەتگەری دەکەین و نە گەنجی سەرەڕۆی تێدایە نەمانهێشت خوێنێکی تر بڕژێت و زیانیان پێ بگات، بەڵام بەداخەوە پاسەوانانی سنور ڕووی گولەکانیان دەکەنە سەر سنگی گەنجەکانمان.

وتیشی، ئەم ڕووداوە یەکەمجار نییە بەڵکو خەریکە لە حاڵەتەوە دەردەچێت و بووە بە دیاردە لەساڵی 2020 (سیروان بانی شاری) هەر لەوێ شەهید کرا، دواتریش کوڕێکی تر بریندار بوو دواتریش (ئارام) شەهید بووە، کە دەبێت حکومەتی هەرێم بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەم سنوردا حاکمە لە خەمی ئەم ڕووداوانەی ئەم مەرزەدا بن پاسەوانی سنوور لە هیچ جێگەیەک وەکو پاسەوانانی سنوری هەورامان نییە، چونکە ئەوە لەماوەی دووساڵدا سێ حاڵەتی لەوشێوەیە ڕوویداوە.

باسی لەوەشکرد. کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن پاسەوانی سنورەوە لە هەورامان لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە، کەسیش لەبەرپرسان گوێ لە خەڵکی ناوچەکە ناگرن هەمووی خەریکی گیرفانێتی، ئەو بارانەی کە دێن هەموویان پسوڵەیان بۆ دەکرێت و گومرک دەکرێن دێنە دەروازەی سیپە، (ئارام) کاری بێ یاسایی نەکردووە، ئەو کۆڵبەرانە لەژێر ڕەحمەتی دوو لولەی تفەنگدان هەم پاسداری ئێران هەم پاسەوانانی سنوری لای خۆمان ئەو بارانەی هەموویان بە پسوڵە دێن هەتا سەر دەروازەی سیپە ئەگەر قاچاخە با کەسەکە بگیرێت و بخرێتە زیندانەوە لێپرسراو دەبێت شارەزایی و مامەڵەی هەبێت.

وتیشی. لەکاتی هەڵبژاردن چەک وەکو تەماتە دەبەخشنەوە بەداخەوە هەرکەسێک دەبینرێت چەکی پێداوە کە لەوانەیە باری دەرونی ئەو کەسە تەواو نەبێت، پاساوانی سنور دەبێت شارەزایی هەبێت لە یاسادا و زانکۆی تەواو کردبێت، بەڵام بەداخەوە لێرە چۆن ناونوسین دەکرێت بۆ کرێکار هەرئاواش ناونوسین دەکرێت بۆ پاسەوانی سنور کە هەمووشیان کوردن.

 

گۆران ماد، پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەی کۆڵبەران ڕایگەیاند، لە ڕووی یاساییەوە هەموو هێزە ئەمنییەکان دەبێت بەپێی حاڵەتەکە مامەڵە بکات بۆنموونە کەسێک بازرگانی ماددەی هۆشبەر بێت چەکی پێ بێت و ئامادە بێت تەقە بکات ئەوکاتە لەڕووی یاساییەوە ئەرکە تەقە بکرێت، چونکە ئەگەر تەقە نەکرێت لەوانەیە ئەو تەقە بکات یاخود تیرۆریستێک خۆی نادات بەدەستەوە و لە حاڵەتی هەڵهاتنە ئەوکاتە یاسا ڕێگەی داوە کە توندوتیژی بەکاربهێنرێت، بەڵام مەرجی خۆی هەیە و پلەی خۆی هەیە بەڵام حاڵەتی تەقە کردن لە کۆڵبەران پێشێلکردنی یاسایە، چونکە بۆنموونە کۆڵبەرێک لەوانەیە پەنجا کیلۆ بەسەر شانیەوە بێت ئایا مەفرەزەیەک ناتوانێت کۆڵبەرێک دەستگیر بکات لەم ڕووداوەدا هەموو پێوەرە یاساییەکان پێشێل کراوە و ڕاستەوخۆ تەقە لە کەسەکە کراوە ئامانجەکە شوێنێکی پێکاوە کە هۆکارە بۆ مردن ڕاستەوخۆ بەر سەرسنگی کەسەکە کەوتووە.

وتیشی. ڕاستەو ئەو بارانەی کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە بە یاسایی دێن و پسوڵەیان هەیە، بەڵام ئەو پسوڵەیە هەتا ناو تەوێڵە و بیارە و هەڵەبجە کاری پێدەکرێت، کە ڕۆیشتە ناو ئەو شاخانە مەبەست لێی بەزاندنی سنورە کە لەڕووی یاساییەوە خۆدزینەوەیە لە باج و پێشێلکردنی یاسای گومرگە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکاری ئەوەی کە کەسەکە بکوژرێت لەیاسادا ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ باری قاچاخ دانراوە کە بەپێی یاسای گومرگ کەسەکە بگیرێت و بە خۆی بارەکەیەوە ڕادەستی یاسا بکرێت لە 60% سزادانی ئەم بابەتە بریتیە لە پێبژاردن بە دووقات و سێ قاتی ئەو بارەی کە پێی بووە.

سەبارەت بە کەیسی کۆڵبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوانەی سەریان تاشین لەلایەن پاسەوانانی سنورەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی داواکاری گشتیەوە هاتنەسەر خەت سەرەتا نوسراو کرا بوو لیوای پاسەوانانی سنور بۆئەوەی زانیاری بنێرن لەسەر ئەوانەی بەشداربوون لەو تاوانەدا دواتر دادگا دۆسیە بکاتەوە وەڵامی نوسراوەکە گەڕایەوە دۆسیەی سزایی کرایەوە، ئێستا دۆسیەکەیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجەیە هەموو شت ئامادەیە تەنها وەستاوە لەسەرئەوەی وتەی سکاڵاکراو وەربگیرێت وەکو یەکێک لە پێداویستیەکانی جوڵانی دۆسیەی سزایی وتەی ئەو سکاڵاکارانەش وەرنەگیراوە، لەبەرئەوەی هیچیان پاسپۆرتیان نییە کە بتوانن بەشێوەی یاسایی بێن و سکاڵاکە تۆمار بکەن.

باسی لەوەشکرد، لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵێک هەوڵدرا لەلایەن چەند کەسایەتیەکەوە کە بتوانن سکاڵاکارەکان بهێننە ئێرە ئەوەش هەر نەکرا، بەداخەوە دۆسیەکە هەروا ماوەتەوە تەنها کۆمەڵێک شتیان بۆ کرا لەوانە توانیمان مۆبایلەکانیان بۆ وەربگرینەوە و ڕادەستیان بکەینەوە و بیگەنینەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر سکاڵاکار ئامادە نەبێت داواکاری گشتیش دۆسیەکە بجوڵێنێت ناگات بە ئەنجام، چونکە یەک لایەنی بابەتەکە هەیە تەنانەت دادوەر ناتوانێت بەپێی زانیاری کەسی خۆی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات بەڵکو دەبێت بەپێی ئەو زانیاریانە مامەڵە بکات کە لایەن لایەنەکانەوە پێی دەدرێت، ئەگەر سکاڵاکار خۆی ئامادە بێت ئەنجامێکی باشتری دەبێت.

 

جەمیل هەورامی، کەسایەتی دیاری کۆمەڵایەتی و حزبی ناوچەکە ڕایگەیاند، بەڕاستی ئەو ڕووداوەی کە ڕوویداوە کاری پاسەوانی سنور نییە، بەڵکو کاری دوژمنە، دووساڵ لەمەوپێش کەسێکی (بانی شاری) یان شەهید کرد ئێمە ناچاربووین بۆئەوەی دوژمنایەتی نەکەوێتە ناوچەکەمانەوە من و کاک حەمەی حەمە سەعید 80 هەزار دۆلارمان دابین کرد بۆ سوڵح و ئاشتەوایی ئەو کێشەیە، پارساڵ لە سنوری تەوێڵە پاسەوانی سنور ئەتکی کۆمەڵێک کۆڵبەری کوردی ڕۆژهەڵاتیان کرد ئەوەی کە پاسەوانی سنور کردی لەوناوچەیە کە کۆڵبەرێکیان کوشت‌ کارێکی زۆر ناڕەوا و نایاساییە ئەو کردەوانە ڕەوشتی پاسەوان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە ئەوانە وەک تاک (یەکێتی) ن لەو سنورە بەڵام ڕێنمایی لە یەکێتی وەرناگرن بەڵکو پەیوەندیان بە عێراقەوە هەیە و ڕێنمایی لە عێراقەوە وەردەگرن فەرماندەی لیوا کە دێتە ئەم ناوچەیە بۆنموونە ئەگەر بە ڕێنماییەکانی عێراق نەڕوات فەسڵ دەکرێن و لەکار دوو دەخرێنەوە لەوانە (حەمە سەعید شەریف) کە گرتیان و لەکارەکەی دوور خرایەوە واتە پێیان دەوترێت تەقە بکەن و خەڵک بکوژن، یەکێتی دەتوانێت ئامۆژگاریان بکات، بەڵام کە فەسڵ کران ئیتر چی بکات من فەرماندەی لیواکەی پاسەوانی سنور ئەو ناوچەیه و پۆلیس و ئاسایش‌ بانگ دەکەم، یەکەم دەبێت تاوانبارەکە بگیرێت و بدرێت بە دادگا، دووەم بەڕاشکاوی دەیڵێم قابیلی قبوڵ نییە لەو ڕووداوانە دووبارە ببێتەوە ئێمە بۆ ئەوە خەباتمان نەکردووە کوڕەکانمان لەسەر پەیداکردنی بژێویان بۆ ماڵ و مناڵیان بکوژرێن بەتوندی ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکەم.

باسی لەوەشکرد، خەڵک هەبوو بیست ساڵ حوکم بووە لەسەر کوشتن، بەڵام کە حوکمەکەی تەواو بووە دەرچووە کوشتویانە بۆیە ئەگەر حوکمیش درا هەر دەبێت ئەو خێزانانە سوڵح بکەن بۆئەوەی دوژمنایەتی نەکەوێتە نێوانیانەوە ئەگەر سوڵحەکە نەکەین تاوانبارەکە هەر دەکوژنەوە، ئێمە سوڵحەکە دەکەین و دواتر دەیاننێرین بۆ دادگا ئەمجارە بۆ ئەم ڕووداوە بۆئەوەی ئەو تاوانبارە بە توندی حوکمی خۆی وەربگرێت، ئێمە سوڵح ناکەین و لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە وادەکەین هەتا ئەگەر ئەو تاونبارە حوکمەکەشی تەواو کرد جارێکی تر نەیەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە بۆئەوەی کێشەی تر دروست نەبێت.

وتیشی، ئەو کەسانەی کە پاسەوانی سنورن لەوێن خەڵکی دووری ناوچەکەن یەکێتی هەر ئەوەندەی پێدەکرێت لەڕێی نوێنەی حوکمەتی هەرێمەوە لە عێراق بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵێن کە توندوتیژ نەبن و فەرمان نەکەن بە پاسەوانانی سنور بۆ تەقەکردن، من قسە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و پارێزگاری هەڵەبجە دەکەم کە فشار بکەن ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە.

 

ئەمین حاجی زەڵمی، چالاکوان ڕایگەیاند، ئەم دۆسیانە جاری یەکەم دووەم و سێەم نییە دووبارە دەبێتەوە، چەند ساڵێکە بەهۆی بوونی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لەم ناوچەیە ئەم دۆسیانە بڵاودەکرێنەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دێنە دەنگ و کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی دەبەستن و ئیدانەی ئەو کارە دەکەن، ئێمەش وەکو چالاکوانانی ئەم ناوچەیە یەکەمجارمان نییە دژی ئەم ڕەفتارانەی پاسەوانانی سنور دەوەستینەوە، دەتوانین بڵێم زۆربەی لایەنەکانی ئەم ناوچەیە بە ئیدارەی حکومەتی هەرێمەوە لەم ناوچەیە هەم یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کە لە زۆنی دەسەڵاتی ئەودایە کەمتەرخەمن لەسەر ئەم ڕووداوەی کاک (ئارام).

وتیشی، ئێمە وەکو چالاکوانان بەزوویی هاتینە سەر خەت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە چاوەڕێ دەکەن کە یاسا کاری خۆی بکات لەم ڕووداوە ئەگەر یاسا کاری خۆی نەکات بەدڵنیاییەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی ئەم ناوچەیە دێنەسەر خەت و بەشێوەیەکی مەدەنی داوای سەندنی مافی ئەو کۆڵبەرە دەکرێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە بەڕادەیەک توڕەبوون لەوانە بوو گرژیەکی زۆر ڕووی بدایە، چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە بڕوایان بەوە نەماوە کە ئەم ڕووداوانە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، چونکە ئەو هێزەی کە تەقەکەی کردووە دەزگا ئەمنییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ ئەوان دەستگیر بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، بەڕاستی خەڵکی ئەم ناوچەیە و چالاکوانانی خورماڵ و تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵ تووڕەن و چاوەڕێ دەکەن لەماوەی هەفتەیەکدا بەزووترین کات ئەو کەسانە بدرێنە دادگا و ئەو کەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت ئەو ڕووداوەی ئەم کوڕەی لەسەر شەهید کراوە شیاوی ئەوە نییە کە سوڵحی عەشایری بۆ بکرێت ئەگەر بزانین ئەم کەیسە بەلاڕێدا دەبردێت ئێمە وەکو چالاکوانان هەڵوێستی ترمان دەبێت لەوانەیە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی و تەنانەت خێمە هەڵدەدەین هەتا ئەو کەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.

تۆمەتبارێک کە ماتۆڕسکیلی دزیبوو، دەستگیرکرا
پێت تۆمەتبارێک کە ماتۆڕسکیلی دزیبوو، دەستگیرکرا
ڕێبوار تەها پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی کەرکووک دەکات
دوات ڕێبوار تەها پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی کەرکووک دەکات
پەیوەنیدر