ئەمڕۆ سێ شەممە 20ی ئاب، بنەماڵەی بەتەمەنترین ژنی جیهان، (ماریا براناس مۆرێرا)، کۆچی دوایی لە تەمەنی ١١٧ ساڵیدا ڕاگەیاند.
خێزانەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: ” ماریا بەو شێوەیەی کە ویستویەتی، واتە لە خەودا بەبێ ئەوەی تووشی ئازار بێت، مردووە”.
ماریا براناس مۆرێرا بووە بەتەمەنترین کەسی سەر زەوی دوای مردنی تێکلا جونیڤیچ-ی پۆڵەندی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا.
ماریا براناس مۆرێرا لە ٤ی ئازاری ١٩٠٧ لە شاری سانفرانسیسکۆ لە خێزانێکی ئیسپانی لەدایک بووە. دوای هەشت ساڵ، دایک و باوکی بڕیاریان دا بگەڕێنەوە بۆ ئیسپانیا.
لە ساڵی ١٩٣١ هاوسەرگیری لەگەڵ پزیشکێکدا کردووە. لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانەیەکدا وەک پەرستار کاری کردووە و ئەو دوو هاوسەرە سێ منداڵ و ١١ نەوە و ١٣ نەوەی نەوەیان هەبووە.
لەم ساڵانەی دواییدا لە خانەی بەساڵاچووان دەژیا. ماریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئیسپانیا دانی بەوەدانا، کە تا تەمەنی ١١٧ ساڵی نەیزانیوە چۆن توانیویەتی بژی و وتویەتی: هیچ شتێکی تایبەتم نەکردووە بۆ ئەوەی بگەمە ئەم تەمەنە.
ڕۆژنامەی ئێل پایس-ی ئیسپانی ڕایگەیاندووە، کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە ئیسپانیا دەژین، کە تەمەنیان لە سەرووی ١٠٠ ساڵەوەیە، کە ٧٠٠ کەسیان تەمەنیان لە سەرووی ١١٠ ساڵەوەیە.